ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

يه‌كێتيى ئه‌ورووپا پابه‌نده‌ به‌ يارمه‌تيدان و پشتيوانيكردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2024/2/17، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌كه‌يدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، له‌گه‌ڵ جۆزێپ بۆرێل، جێگرى سه‌رۆك و به‌رپرسى باڵاى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و سياسه‌تى ئه‌منيى كۆمسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بيروڕايان ده‌رباره‌ى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر دۆخى ئه‌منى و سه‌قامگيرى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و كاردانه‌وه‌كانى به‌سه‌ر وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا، به‌تايبه‌تيش عێراق، تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له‌ پێويستيى ڕێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخه‌كه‌ كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه‌ گرنگه‌ و نابێ عێراق بخزێته‌ ناو كێشه‌ و پشێوييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ داكۆكييان كرده‌وه‌ كه‌ هێرش و په‌لاماردانى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و كاردانه‌وه‌كانى، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاساييش و ئاراميى عێراق ده‌كه‌ن.

 بۆرێل دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ يه‌كێتيى ئه‌ورووپا پابه‌نده‌ به‌ يارمه‌تيدان و پشتيوانيكردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيرى و پێشخستنى وڵات له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تيش بۆ به‌هێزكردنى تواناكانيان له‌ ڕووى ئه‌منى و به‌رگرييه‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى ديار و به‌رچاوى وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و به‌رده‌واميى پشتگيرى يه‌كێتيى ئه‌ورووپاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ پێويست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هەواڵی پەیوەندیدار

زەوی بەسەر خانەنشینانیش دابەش دەكرێت

سەڵاح

لالیگا.. ئەتلەتیکۆ بە ڕیمۆنتادا خۆی گەیاندە پلەی دووەم جێی ریال

sirwan

پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە کونسوڵی نوێى تورکیا لە هەولێر کرد

یاسین