ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ڕاوێژكارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌ييى عێراق كۆبووه‌وه‌

له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024/4/28 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز قاسم ئه‌لئه‌عره‌جى، ڕاوێژكارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌ييى عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى ئه‌منيى عێراق و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر و ئه‌و ئاڵنگارييانه‌ى له‌ ئه‌نجامى لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌، ڕووبه‌ڕووى عێراق ده‌بنه‌وه‌، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى ئه‌منيدا و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌ ئه‌منييه‌كان كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى هاريكاريى هه‌موو لايه‌نه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سوپاس و پێزانينى بۆ ئه‌رك و ڕۆڵى ڕاوێژكارى ئاساييشى نه‌ته‌وه‌يى و تيمه‌كه‌ى و هه‌ماهه‌نگى و هاوكارييان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و خزمه‌ته‌ى له‌ بوارى ئه‌منى و پاراستنى سه‌قامگيريدا ئەنجامی دەدەن، ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز ئه‌لئه‌عره‌جى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئارامى و ئاسايش و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى ناوچه‌كانى عێراق پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌ و ستايشى ڕۆڵى نيشتمانيیانه‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد له‌ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان و هه‌وڵه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ئالوگۆڕی بارزگانی ئاساییە

دڵشاد

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق دەكات

سەڵاح

وتاری سەرۆك بارزانی لە كەرنەڤاڵی جەماوەری هەولێر

یاسین