ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ناشاد دوای ته‌مه‌نێك خزمه‌تی هونه‌ری كوردی كۆچی دوایی كرد

هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری كورد، ناشاد بەهۆی نەخۆشییەوە له‌ شاری سلێمانی ماڵئاوایی له‌ ژیان كرد.

هونه‌رمه‌ند “ناشاد” له‌ ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا، زیاتر له‌ 50 پێشانگه‌ی شێوه‌كاری كردووه‌ته‌وه‌ و به‌شداربووه‌ تێیاندا.

به‌ هۆی هه‌ڵبژاردنی رێچكه‌ی تایبه‌تی له‌ هونه‌ره‌كه‌یدا، ناشاد ژیانێكی سه‌ختی تێپه‌ڕ كرد و وه‌ك خۆی له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا ئاماژه‌ی پێده‌كرد، هونه‌ره‌كه‌ی نه‌بووه‌ مایه‌ی باشتركردنی گوزه‌رانی.

ناشاد ناوی ته‌واوی محه‌ممه‌د حه‌سه‌نه‌ و ساڵی 1954 له‌ گه‌ڕه‌كی كانی ئاسكانی شاری سلێمانی لە دایکبووە، ئەو شێوەکارە نزیکەی 50 ساڵە خەریکی وێنە کێشانە و لە کارەکانیدا چەندین شێوازی هونەری بەکارهێناوە.

سەرەتای بەهرەی شێوەکاری لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا تێیدا دەرکەوتووە، کاتێک لە خوێندنگادا وێنەی شاخ و داری بە جوانترین شێوە دروست کردووە تا گەیشتووەتە ئەوەی هاوڕێکانیشی داوایان لێکردووە وێنەی شاخیان بۆ بکێشێت.

پشتگیری باوکیشی هۆکارێکی دیکە بوو کە ناشاد پەرە بە بەهرەکەی بدات، وەک خۆی، باسیكردووه‌، باوکم بۆیەی ئاویی بۆ دەهێنامەوە لەگەڵ دەفتەری وێنە و دەیوت دەی وێنە بکێشە، دواتر وردە وردە دەستم کرد بە وێنە کردن لە دیواری ماڵەوەدا.

هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو، لە تابلۆکانیدا هەمیشە هەوڵی داوە وێنەی سرووشتی جوانی کوردستان و وێنەی منداڵ و گەڵا و گوڵ بکێشێت لە وەرزەکانی کوردستاندا، وێنەی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی وەکو چارلی چاپلن و ئەنیشتاین کە یەکێک بوون لەو کەسایەتییە بەناوبانگانەی ناشاد پێیان سەرسام بووەو وێنەیانی کێشاوەتەوە.

ئەو شێوەکارە لە ژیانیدا رووبەڕووی کۆمەڵێک نەهامەتی و ناخۆشی و دەربەدەری بووەتەوە، بۆیە نازناوی ناشادی لەخۆی ناوە، تاوەکو ناوەکەی ئاماژە بێت بۆ ئەو ئازارەی کە چەشتویەتی.

له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ژیانی ته‌نیایی، له‌ دیدارێكدا ناشاد باسی له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ خولیای ته‌نیایی هه‌یه‌ “حەزم لە تەنیاییە و من بە تەنیایی راهاتووم، ئەگەر تەنیایی نەبوایە نەمده‌توانی وێنە بکێشم، بۆیە تەنیایی سرووشی هونەرەکەمە”.

ناشاد لە سەرەتادا بە قەڵەم رەساس وێنەکانی کێشاوە، دواتر لە ده‌یه‌ی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو لەسەر تابلۆیەکی رەش وێنەی كێشاوه‌، پاشان فڵچە و بۆیەی زەیتی و بۆیەی ئاوی و بۆیەی دیواری بەکارهێناوە.

ناشادی شێوەکار ماوەی چه‌ند ساڵێك بوو، ململانێی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا ده‌كرد و به‌ هۆی ئازاری قوڕگه‌وه‌ قسه‌كردن و هه‌ناسه‌كێشانی ئه‌سته‌م ببوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی بەشی چوارەمی “John Wick” لە سینەماکاندا

ART

فیلمی “Barbie” بەردەوامە لە بەدەستهێنانی داهات

ART

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

سەڵاح