ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەمەریکا داوای جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی شنگال دەکات

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێویستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالی 2020ی نێوان بەغدا و هەولێری دووپات کردەوە، کە مەبەست لێی ئاسانکارییە بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی باوباپیرانی خۆیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش لە مانگی ئابی 2014، کاتێک ئەو گرووپە تیرۆریستییە کە لە سووریاوە سەری هەڵدابوو، پەڕیەوە بۆ نێو سنووری عێراق، هێرشێکی کوشندەیان بۆ سەر ئێزدییەکان دەست پێ کرد.  نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژران و نزیکەی 400 هەزار کەسیش ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی عێراق بوون.

دوای 10 ساڵ، زۆرینەی ڕەها – نزیکەی 300 هەزار کەس – لە کەمپەکانی ئاوارەکانی (وەک ئاوارەی ناوخۆیی) لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە.  ئەوەش لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری شنگال بە وێران و ناشایستەی نیشتەجێبوون ماوەتەوە.  جگە لەوەش کێشەی ئەمنی هەیە، کە بەهۆی بوونی میلیشیاکانەوە دروست بووە.

لە کۆبوونەوەکانی زیا لە بەغدا و هەولێر، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆکان بوو، لەوانەش لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی هەرێم بە کۆمەڵێک هۆکار ئارەزووی جێبەجێبوونی ڕێککەوتنەکە دەکات. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانیش کەم کردنەوەی گوشارە ئابوورییەکانە کە بە هۆی لێشاوی ئاوارەکان ڕووبەووی حکوومەتی هەرێم بووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوە: پێویستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت

ڕۆژی هەینی، 10-05-2024، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان 24ی ڕاگەیاند: ” لە دەیەمین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی داعش، ئەمە بیرهێنانەوەیەکی گرنگە بۆ بەپەلە چارەکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێکهاتەی ئێزدی.”

هەر لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتووە کە “هانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین کە پێشکەوتنی مانادار لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و پێشخستنی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی داعش” نیشان بدەن.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمەشی ڕوونکردەوە کە “لە میانی گەشتەکەی جێگری وەزیر زیا، بۆ بەغدا و هەولێر، پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی شنگال لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە”.

هەروەها گوتەبێژەکە جەختی لە گرنگی هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگا ناوخۆییەکان کردەوە، بەو پێیەی ڕێککەوتنەکە لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکرێت.

گوتەبێژەکە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، “هانی حکوومەتی ئەمەریکا دەدەین ڕاستەوخۆ ڕاوێژ لەگەڵ گروپە ئایینی و نەتەوەییەکانی عێراق بکات و چارەی پێداویستییەکانیان بکات، لەوانەش لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە هەوڵە نوێیەکانی گەشەپێدان و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لە زێدی ئێزدیەکانی شەنگال، چارەکردنی ئاستەنگە ئەمنییەکان، و دابینکردنی دۆخێکی گونجاو بۆ بەدەستهێنانی ئاساییش و چارەی شیاو و درێژخایەن بۆ ئاوارەکان.”

جێگری وەزیر لە لالش

زیا، ڕۆژی هەینی سەردانی لالشی کرد و لەوێ لەگەڵ سەرکردەکانی پێکهاتەی ئێزدی کۆبووەوە.  لە دەرەوەی پەرستگاکەی لالش بۆ مێدیاکان قسەی کرد و داوای لە حکوومەتی عێراق کرد “پێشکەوتنی مانادار بەدەست بهێنێت لەسەر دانانی سەرۆکی شارەوانیی لە شنگال؛ بەردەوام بێت لە دامەزراندنی هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی لە شنگال؛ و بەردەوام بێت لە دامەزراندن و جێگیرکردنی کارمەندانی ئاوەدانکردنەوە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە کەم خزمەتگوزارییەکانی وەک شنگال.”

ئاماژەی بەوەش کرد، “هەروەها هانی حکوومەتی فیدراڵمان داوە چارەی نیگەرانییەکانی ڕۆڵی میلیشیاکان بکات لە ناوچە ڕزگارکراوەکان لە دەستی داعش، وەک شنگال و دەشتی نەینەوا و زێدی پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگەی عێراق”.

ئەوەشی خستەڕوو، “کاریگەری نەرێنی گرووپە میلیشیاییەکان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی پێکهاتەکان، ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات و ڕێگری لە گەشەسەندنی ئابووری کۆمەڵگە ناوخۆییەکانیش دەکات”، بەڵام “چارەکردنی ئەم پرسانە کلیلە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئێزدییەکان و ئاوارەکانی دیکە دەتوانن بە سەلامەتی و خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان.”

هەواڵی پەیوەندیدار

زیاتر له‌ 630 هه‌زار ئاواره‌ی عێراقی له‌ هه‌رێمی كوردستان حه‌وێندراونه‌ته‌وه‌

سەڵاح

شه‌پۆڵێكی باران و سه‌رما روو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

یاسین

دۆلار زیاتر بەرزبووەوە

یاسین