ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئه‌و هۆزه‌ی ئیسرائیل ویستی بیكاته‌ ده‌سه‌ڵاتداری غه‌ززه‌، حەماس سەرکردەکەی کوشت

ڕۆژنامەی تەلەگراف بڵاویکردەوە پلانێکی نهێنی ئیسڕائیل بۆ ڕازیکردنی هۆزێکی بەهێزی غەززە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی غەززە بگرێتە دەست، لە ڕێڕەوەکەی دەرچووە و نەگەیشتووەتە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوەی حەماس سەرکردەی هۆزەکەی سەربڕیوە.

ڕۆژنامەکە دەشڵێت ئیسڕائیل ئێستا هەوڵ دەدات سەرکردەیەکی میانەڕەوی نوێی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا بۆ فەرمانڕەواییکردنی غەززە لە دوای جەنگەکەوە بدۆزێتەوە.

سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئیسڕائیل کە نزیکە لە بابەتەکەوە وتی پلانەکە ئەوە بووە هۆزی دەغمەش کە بەهێزترین هۆزە لە کەرتی غەززەدا، دەسەڵاتی غەززە بگرێتەدەست، بەڵام پلانەکە شکستی هێنا دوای ئەوەی سەرکردەی هۆزەکە و چەندین لە هاوپەیمانەکانی کوژران.

ئیسڕائیل کەوتووەتە ژێر فشاری تەنانەت هاوپەیمانە نزیکەکانیشیەوە، لەوانەش ئەمەریکا، تاوەکو پلانێک بخاتە ڕوو لەسەر ئەوەی غەززە چۆن بەڕێوەدەبرێت لە دوای جەنگەکەوە. حکومەتی ئیسڕائیل ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆییش بووەتەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی خستنەڕووی پلانێک بۆ داهاتووی کەرتی غەززە.

سەرچاوە هەواڵگرییەکە وتی دوو مانگ لەمەوبەر هەوڵێک دراوە بۆ ڕازیکردنی خێزانی بەهێزی دەغمەش تاوەکو کۆنتڕۆڵی کەرتی غەززە بگرنە دەست دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە.

سەرچاوەکە وتی ” پێشنیاری ئەوەمان بۆ دەغمەش کرد کە کۆنتڕۆڵی غەززە بکات. بەڵام بە کارەسات تەواو بوو.”

وتیشی ” هەوڵە کورتەکە بە چوونی حەماس بۆ ناو بینای هۆزەکە کۆتایی هات، خەڵکەکەیان سەربڕی و ڕۆژی دواتر سەرجەم ئەندامانی هۆزەکە پشتگیری خۆیان بۆ حەماس دەربڕی.”

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 36,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٥ کەس لە سوریا کوژراون

یاسین

لە ماوەی هەفتەیەکدا ١١ کەس لە عێراق لە سێدارە دران

سەڵاح

ڤیدیۆی فێركاری راكێشانی پاره‌ له‌ ئامێره‌كان

سەڵاح