ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بانکێکی دیکە بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین، کە بانکی ئیسلامیی عێراق (IIB – Iraqi Islamic Bank) دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکات.”

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەی خستووەتە ڕوو، شانبەشانی بانکە بەشداربووەکانی دیکە کە بریتین لە بانکەکانی BBAC, Cihan, NBI ،RT و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەم مانگە بانکە گەورەکانی دیکەش بەشداری بکەن.

تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 240 هەزار هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراون و زیاتر لە 120 هەزار کارتی بانکی دابەش کراون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی کردووەتەوە، هاوبەشیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بانکەکان، بووەتە هۆی زیادبوونێکی بەرچاوی ئامێرەکانی ATM. هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەجۆران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، پرۆژەکە بەردەوامە لە درێژەدان بە پلانی خۆی کە تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری حکومەتی هەرێم تۆمار بکات.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی بانکیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان و مووچەخۆران.

ڕوونیشی کردووەتەوە، هەروەها هەنگاوێکە بۆ ڕەخساندنی کێبڕکێی تەندروست لە کەرتی بانکی و خزمەتگوزارییە داراییەکان، بانکەکانیش زیاتر پاڵپشتی دەکرێن بۆ زیادکردنی لقەکانیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات کە هاوبەشی لەگەڵ بانکە بەشداربووەکان بەرفراوانتر بێت، بەتایبەتی چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتووەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەر بکرێت.

 

شوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار

‎كلارا عودیشۆ: بڕیاری دادگایی فیدرالی دژی مافەكانی كەمە نەتەوەیەكان بوو

گوران

ژمارەی کوژراوانی غەززە  گەیشتە نزیکەی ٣٣ هەزار کەس

سەڵاح

پێشانگایەکى تایبەت بە ژیان و چالاکی مامۆستا ئیبراهیم شەهیدی ئاڵا کرایەوە

دڵشاد