ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

كۆمیسیۆن لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاو کردەوە

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق راگەیەنراوێكی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە و تێیدا وادەی خۆتۆماركردنی بەڕووی لیست و هاوپەیمانیەتییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە.

بەپێی راگەیانراوەكەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی 5ی ئادار دەرگەی خۆتۆماركردن دەكرێتەوە تاكو ئێوارەی رۆژی 14ی ئاداری داهاتوو بەردەوام دەبێت و لەم ماوەیەدا سەرجەم لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان دەتوانن خۆیان تۆمار بكەن.

كۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش دا كە خۆتۆماركردنەكە لە فەرمانگەی كاروباری پارت و رێكخراوە سیاسییەكان لە بەغدا یاخود نووسینگەی هەڵبژاردن لە پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.

جەختیشی كردەوە كە لایەنە سیاسییەكان دەتوانن لەو ماوەیەدا لیست و هاوپەیمانیەتییەكانیان تۆمار بكەن و بەهیچ شێوەیەكیش ئەو وادەیە درێژ ناكرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەم بەفەرمی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كرد.

لە راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە ” ئەمڕۆ یەكشەم 2024/3/3 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان واژۆ كرد”.

هەروەها هاتووە “له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا پاڵپشت به‌ بڕگه‌ى (دووه‌م) له‌ مادده‌ى (ده‌يه‌م) له‌ ياساى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو، نێچيرڤان بارزانى بڕيارى داوه‌ به‌ دياريكردنى ڕۆژى 2024/6/10 به‌ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ خولى شه‌شه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان”.

ئاماژە بەوەشدراوە كە “بەپێی فەرمانەكە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی كاری پێویست بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم فەرمانه،‌ هەر ئەمڕۆش لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت”.

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سەڵاح

وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاوی ئیفرازی هەولێر کەوتەوە کار

سەڵاح

سبەی باران بارین دەست پێدەکاتەوە

یاسین