ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

زیندانییەکی سیاسی کورد ماوەی 10 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

 

 

دوای ئەوەی بەرپرسانی زیندانی ناوەندی ورمێ و ئیدارەی ئیتلاعات داواکاری زیندانی سیاسی کورد، کامەران قاسمی، بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کاتی بۆ سەردانی خێزانەکەی رەتکرایەوە، لە دژی ئەم بڕیارە، ئەم زیندانیە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ماوەی 10 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە 13ی مانگی سێ لە هەواڵێکدا سەبارەت بەو زیندانییە سیاسییە نووسیویەتی بەرپرسانی زیندانی ورمێ دوای ئەوەی کامەران قاسمی مانی لە خواردن گرتووە، ناوبراویان بۆ ژووری تاکەکەسی لە زیندانەکەدا گواستوەتەوە و ڕێگەی هەموو جۆرە پەیوەندی کردنێکیان بەسەردا داخستووە.

کامەران قاسمی خەڵکی ورمێ لەگەڵ چوار کەسی دیکە بە ناوەکانی ئومێد سەعیدی، نایب حاجی زادە، عەبدولعەزیز گوڵمحەمەدی و کەیوان ڕشوەزادە مانگی دەی ساڵی 2019 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و پاش یەک ساڵ لەدەستبەسەربوونیان لە مانگی یازدەی ساڵی 2020 لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری ورمێ بە تۆمەتی “چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵەدا، هەر یەکەیان بە 10 ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانیکردن سزا دران.

سزای کامەران قاسمی دوای داواکاری ناوبراو بۆ پێداچوونە بە سزاکەیدا لە 10 ساڵ کەم کرایەوە بۆ 7 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردن.

کامەران قاسمی ئێستا زیاتر لە نیوەی سزاکەی تێپەڕاندووە، بەڵام بە هۆی دژایەتیی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، لە مافی وەرگرتنی موڵەتی ئازادی کاتی بێبەش کراوە.

شایانی باسە کۆتاییەکانی مانگی دووی ئەمساڵ زیاتر لە 800 بەندکراوی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی نامەیەکەوە خوازیاری دەرکردنی بەرپرسی ئەو زیندانە بوون لە کارەکەی، ئەوەش بەهۆی هەڵسوکەوتی خراپ و توندی ئەو بەپرسە لەگەڵ زیندانییەکانی ئەو ناوەندەدا.

لەم نامەکەی ئەو زیندانیانەدا ئاماژە بە هەراسانکردنی زیندانیان و بنەماڵەکانیان کرابوو لە لایەن بەرپرسی زیندانی ناوەندیی ورمێوە و ڕایانگەیاندبوو مامەڵەی خراپی ئەو بەرپرسە لە چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە هۆی خۆکوژی چەند زیندانییەک لەو زیندانەدا.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

دكتۆر فوئاد مه‌عسووم سه‌ره‌خۆشی له‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

یاسین

کۆمەڵێک دۆسیە و پڕۆژە هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا بە یەکەوە دەبەستنەوە

یاسین

سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌ره‌خۆشی له‌ پارێزگاری دهۆك ده‌كات

سەڵاح