ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەرلەمانتارێکی پارتی: سەركۆمار هیچ بەرگرییەك لە كوردستان ناكات

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کە سەرکۆمار ئەگەر دەستیش لە کار نەکێشێتەوە، ئەتوانێت کۆمەڵێک بەیاننامە دەربکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییەکان ئاگادار بکاتەوە، ئەگەر دە رۆژی دیکە لەسەر ئەم غەدرانە قسە بکات، تەنیا قسە بکات، هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەر خەت و فشار لەسەر حکوومەتی عێراق دروست دەکات.

شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: یەكێك لە کێشەکانی کورد ئەوەیە، کە سەرکۆمار لە هەندێک وێستگەی گرنگ هەڵوێستی جدی و دەستووریی نییە و بێدەنگە، دەیان مادە و بڕگەی دەستووری پێشێل کراون، سەركۆمار بە حساب پارێزەری دەستوورە، کەچی بێدەنگە و هەڵوێستی نییە، کاتی خۆی بەپێی ئەو نەریتە سەرکۆمار بە کورد دراوە، تا کورد پێشێلکاریی دەستووریی لە بەرامبەردا نەکرێت و مافەکانی پارێزراو بن، ئێستا پۆستەکە هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە سەرکۆمار هەیە و پێشێلکارییش دەکرێت، کەچی بەرامبەر هەموو پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییەکان بێ هەڵوێست و بێ دەنگە.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گووتی: سەرکۆمار ئیستحقاقی کوردە، ئەگەر بابەت کورد و كێشەی کورد نەبێت، ئەو بەڕێزەی ئێستا لە پۆستەکەدایە، بە خەونیش پۆستی سەرکۆماری نەدەدیت، بۆیە زۆر پێویستە هەڵوێستی بەرامبەر پێشێلکردنی مادە و بڕگەکانی دەستوور هەبێت، چونکە هەڵوێستێک جاری وا هەیە بۆ هەزار ساڵ دەمێنێت و دەبێتە بابەتێکی شەرەفمەندانە بۆ خۆی، پۆست بایی ئەوەندە ناكات میللەتەکەت برسی بکرێت و یاساكانی بەرامبەر پێشێل بکرێن و مووچەی ببڕێت، ئەمە بۆ هەموومان و پێش هەر کەسیش سەرکۆمار راستە، دەبێت سەرکۆمار و هەموو حزبە سیاسییەکان بەرامبەر ئەم بابەتانە یەکدەنگ بن.

هەروەها شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە سەرکۆمار ئەگەر دەستیش لە کار نەکێشێتەوە، ئەتوانێت کۆمەڵێک بەیاننامە دەربکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییەکان ئاگادار بکاتەوە، ئێستا وای لێ هاتووە دادگای فیدراڵی خەریکە دەبێتە جێگرەوەی پەرلەمان و بە ویستی خۆی دەستکاریی یاسای هەڵبژاردن و یاساکانی دیکە دەکات و هەمواریان دەکاتەوە، ئەوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگاش نییە و ئیشی پەرلەمانە، ئەی هەڵوێستی سەرکۆمار چییە، ئەگەر دە رۆژی دیکە لەسەر ئەم غەدرانە قسە بکات، تەنیا قسە بکات، هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەر خەت و فشار لەسەر حکوومەتی عێراق دروست دەکات، سەرۆکی حکوومەت ناچاریشە پێداچوونەوە بکات، بۆیە سەرکۆمار دەسەڵاتی زۆرە و دەتوانێ رێوشوێنی یاسایی بگرێتە بەر، من دژی ئەوەم بڵێن دەسەڵاتی نییە.

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کرد

یاسین

کاتی قەدەغەی هاتووچۆ دیاریکرا

یاسین

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح