ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەریوان قەرەنی: سوودانی دەبێ چ گەرەنتییەك بە ئەمریكا بدات

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەلێت، کە بەهۆی سرووشتی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریكا، هەموو سەردانەكانی سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق بۆ واشنگتۆن گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە، هیچ سەرۆك وەزیرانێكی عێراقیش نەچۆتە ئەمریكا بەبێ ئەوەی پێشوەختە زەمینەسازیی پێویست بكات تاوەكوو پێشوازی لێ بكرێت، یەك دوانێك لە سەرۆك وەزیرانەكانی پێشووی عێراق، بۆ ئەوەی ئەمریكا پێشوازییان لێ بكەن، كێشەكانیان بە شێوەیەكی ڕووكەش چارەسەر كردووە تەنیا لەپێناو رازیكردنی ئەمریكا، راستەوخۆ پاش گەڕانەوەشیان بۆ عێراق، گەڕاونەتەوە سەر هەمان سیاسەتی هەڵەی خۆیان!

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: ئەمڕۆ شەممە 13ی نیسانی 2024، بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ، سەردانەكەی بۆ واشنگتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەست پێكرد.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەهۆی سرووشتی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریكا، هەموو سەردانەكانی سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق بۆ واشنگتۆن گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە، هیچ سەرۆك وەزیرانێكی عێراقیش نەچۆتە ئەمریكا بەبێ ئەوەی پێشوەختە زەمینەسازیی پێویست بكات تاوەكوو پێشوازی لێ بكرێت، هەرچەندە یەك دوانێك لە سەرۆك وەزیرانەكانی پێشووی عێراق، بۆ ئەوەی ئەمریكا پێشوازییان لێ بكەن، كێشەكانیان بە شێوەیەكی ڕووكەش چارەسەر كردووە تەنیا لەپێناو رازیكردنی ئەمریكا، راستەوخۆ پاش گەڕانەوەشیان بۆ عێراق، گەڕاونەتەوە سەر هەمان سیاسەتی هەڵەی خۆیان!

مەریوان قەرەنی دەلێت، کە دۆخەكە ئەمجارە جیاوازە، تا ڕادەیەكی زۆر پەردەكان لادراون و ئێستا هەموو یاریكەرە جەمسەری و هەرێمییەكان یاریی خۆیان لە گۆڕەپانی عێراقدا بە ئاشكرا دەكەن. وڵاتێكی ئیقلیمی لە ڕێگەی گرووپگەلی نزیك لە خۆیەوە چ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، چ لە هەرێمی كوردستان، یاریی خۆی دەكات و هەوڵ دەدات هەموو یاریكەرەكانی تر دوور بخاتەوە. گەورەترین هەڕەشەش لەسەر پێگەی ئەمریكا لە عێراق هەیە كە بریتییە لە هەوڵی ئەو وڵاتە ئیقلیمییە لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەكانی عێراقەوە بۆ دوورخستنەوەی هەریەك لەو لایەنانەی كە خۆیان بە هاوپەیمانی ئەمریكا، یان لانی كەم خۆیان بە رەوتی نیشتمانی دەزانن و دەستەمۆی سیاسەتەكانی وڵاتە ئیقلیمییەكە نین.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسگ کەوەشکرس، کە بە بڕوای ئێمە، سوودانی لە واشنگتۆن، چاوەڕێی ئەوەی لێ دەكرێت كە ئەم كێشانە چارەسەر بكات:

• گەرەنتیی ئەوە بدات، گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە وڵاتێكی دراوسێ هێرش ناكەنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان، لەم ڕووەشەوە لە رابردوودا هەنگاوی پێویست نراوە.

• سیاسەتی دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی كۆتایی بێت، ئەمەش تا ڕادەیەكی باش هەنگاوی بۆ نراوە لە ڕێگەی چارەسەركردنی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا جێی متمانەی تەواو نییە، بەهۆی زۆری و جۆراوجۆریی سیاسەتەكانی دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان.

• ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی دادگای فیدڕاڵی: هەرچەندە دەسەڵاتی دادوەری لە عێراقدا سەربەخۆیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە حكوومەتی فیدڕاڵی و هێزە باڵادەستەكان دەتوانن فشار بكەن بۆ ئەوەی كۆتایی بەو ڕێڕەوە بهێنن كە دادگای فیدڕاڵی گرتوویەتیە بەر بەوەی خۆی كردووە بە بەدیلی سەرجەم دەسەڵاتەكانی عێراق و لە جیاتی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق یاسا دەردەكات و بڕیار دەردەكات! هەروەها بڕیاری ئەوتۆ لە دژی هەرێمی كوردستان و نەیارە سیاسییەكانی هەندێك گرووپ دەردەكات كە بە ڕوونی هەست دەكەیت ئەمانە بڕیاری سیاسین. پێدەچێ سوودانی لەمبارەیەوە پێویستی بەوە بێت كە گەرەنتییەك بە ئەمریكا بدات، چونكە ناكرێ چارەنووسی وڵاتێك بدرێتە دەست چەند دادوەرێك كە بە بڕیاری سیاسی، هەموو بنەما و دەستوور و خاڵە سەرەكییەكان خەریكە پشتگوێ دەخەن!

• لەبارەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانەوە، بە تایبەتیش لەبارەی توركمان و كریستیانەكانەوە، ئەمریكا نایەوێ ئەم پێكهاتانە ناچار بەوە بكرێن عێراق بەجێ بهێڵن، بەداخەوە سیاسەتی ئەم دواییانەی سەرۆكایەتیی كۆمار و دادگای فیدڕاڵی و هەندێك میلیشیا لە دەشتی نەینەوا، هۆكارە بۆ ئاوارەبوونی كریستیانەكان! بە تایبەتیش كە خەڵكی كریستیان دەبینن گەورەترین كەسایەتییەكان كە پاتریارك لویس ساكۆیە، كەوتۆتە بەر هەوڵی جۆراوجۆر، بۆیە دەبێ كۆتایی بەم سیاسەتە بێت. لەم ڕوانگەیەشەوە سوودانی هەنگاوی پێویستی ناوە، بەڵام پێویستە ئەم هەنگاوانەش بنرێت:

١- لە چەند رۆژی رابردوو پاتریارك لویس ساكۆ گەڕایەوە بەغدا و سوودانی پێشوازی لێكرد. ئێستا كاتی ئەوەیە لەتیف رەشیدی سەركۆماری عێراق ئەو مەرسوومەی لە دژی ساكۆ دەریكردبوو، هەڵبوەشێنێتەوە و جەنابی پاتریارك لەسەر كاری خۆی بەردەوام بێت.

٢- میلیشیاكان لە دەشتی نەینەوا، بە تایبەتیش میلیشیای بابلیون رۆڵێكی خراپ دەگێڕن لە دژایەتیكردنی كریستیانە كلدانەكان، ئەوان بە پارەی دەوڵەتی عێراق ڕۆژانە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كریستیان دروست دەكەن. بۆیە پێویستە هەرچی زووە، دۆسیەی ئەمنیی ئەم ناوچانە ڕادەستی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكرێت.

٣- هانی دادگای فیدڕاڵی بدات كە بە شێوەیەكی تلقائی بە بڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو زوڵمەی لە پێكهاتەكانی كریستیان و توركمان كردی بە هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان، نەهێڵێت و كورسییەكان بۆ پێكهاتەكان بگەڕێنێتەوە.

٤- سوودانی گەرەنتیی ئەوە بكات كە چیتر دادگای فیدڕاڵی وەك چەكێك دژی ئەو هێزە شیعی و سوننییانە بەكار ناهێندرێت كە هاوئاوازی گرووپەكانی سەر بە دەر و دراوسێ نین!

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەروو، کە بە بڕوای ئێمە، بەبێ ئەم خاڵانە و چەندان خاڵی دیكەش، سەردانەكەی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئەمریكا، جێی رەزامەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نابێت و بەرهەمداریش نابێت. بۆیە پێویستە هەم ئەم گەرەنتییانە بدات، هەم تەواوی هێزەكانی پێكهێنەری حكوومەتی فیدڕاڵیش ڕێز لە بەڵێنەكانی سوودانی بگرن و هاوكاری بن لە جێبەجێكردنیاندا، چونكە رەنگە ئەمە دوا چانسی عێراق بێت و ئەگەر ئەمجارەش ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەكرێن كە بە ئەمریكا دەدرێن، ئیتر ئەمریكاش لە جیاتی ڕێگەی دیپلۆماسی، پەنا بۆ كارتی دارایی و ڕێوشوێنی تر ببات تاوەكوو لارییەكان راست بكاتەوە، بەم جۆرەش سوودانی دەبێتە دوایین سەرۆك وەزیرانی عێراق كە پێ بنێتە كۆشكی سپییەوە!

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

سبەی پشووی فەرمییە

یاسین

عەلی تەتەر: پڕۆژەکان لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک بەبێ جیاوازی ئەنجام دەدەین

یاسین

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: دەبێت بکەرانی هیرشەکەی سەر کێلگەی گازی کۆرمۆر ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە

سەڵاح