ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

محەمەد سەعدەدین: هاتنی سەركۆماری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە

هاتنی سەركۆماری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، چونكە توركیا تەنیا بەو چاوە سەیر ناكرێ كە وڵاتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستانە، بەڵكوو توركیا وڵاتێكی گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، سەرەڕای ئەوەی توركیا ئەو وڵاتە بەهێزەیە كە ئاماژەمان پێی دا، بەڵام ئەوەتا سەرۆكەكەی خۆی سەردانی هەولێری كردووە، نەك سەركردە باڵاكانی هەرێمی كوردستان داوای سەردانی توركیا بكەن.

محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: هاتنی سەركۆماری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، چونكە توركیا تەنیا بەو چاوە سەیر ناكرێ كە وڵاتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستانە، بەڵكوو توركیا وڵاتێكی گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و رۆڵی ستراتیژیی هەیە لە سیاسەتی ناوچەكە و تەنانەت جیهانیشدا، زۆر وڵاتی زلهێز هەن، كە حسابی گەورە بۆ پێگەی توركیا دەكەن و خوازیاری ئەو جۆرە پەیوەندییانەن كە توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەتی، لەبەرئەوە بەو شێوازە جوانە پرۆتۆكۆڵییەی پێشوازی لە سەركۆماری توركیا و شاندەكەی كراوە، كاریگەریی باشی لەسەر بەهێزبوونی زیاتری پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنقەرەدا دەبێت.

سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی گووتی: وڵاتێكی بەهێزی وەكوو ئەمریكا هەوڵ دەدات لەگەڵ لاوازترین و بچووكترین وڵات پەیوەندییەكانی خۆی بەهێز بكات و هاوسۆزیی ئەو وڵاتە بۆخۆی رابكێشێت و بیكات بە لایەنگری خۆی و بەرژەوەندییەكانی خۆی لەناو ئەو وڵاتەدا بدۆزێتەوە و بیپارێزێ، ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە هەستیارەی تیایداین، بابەتێكی زۆر ئاساییە پەیوەندییەكانمان زۆر بەهێزتر بكەین و پێشوازییەكی جوان لە میوانەكانمان بكەین و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانمان لەگەڵ عێراق، لەگەڵ توركیا، یان هەر وڵاتێكی دیكە چارەسەر بكەین، بەتایبەتی توركیا، كە وڵاتێكی لە هەموو روویەكەوە زۆر پێشكەوتووە و ئاڵوگۆڕێكی گەورەی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەیە و دەتوانین بە خاڵی هەناسەدانی هەرێمی كوردستان سەیری بكەین، چونكە ئێستا وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان لە قەیرانی گەورەدان، ئەوە سووریا لە دۆخێكی خراپدایە، ئێران دژایەتیی گەورە دەكرێ و لە سیستەمی نوێی جیهانی و لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە وڵاتێكی قبووڵكراو نییە، لەبەرئەوە لەو دۆخەدا توركیا باشترین دەروازەیە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەكانمان.

محەمەد سەعدەدین گووتیشی: سەرەڕای ئەوەی توركیا ئەو وڵاتە بەهێزەیە كە ئاماژەمان پێی دا، بەڵام ئەوەتا سەرۆكەكەی خۆی سەردانی هەولێری كردووە، نەك سەركردە باڵاكانی هەرێمی كوردستان داوای سەردانی توركیا بكەن، ئەوە خۆی لەخۆیدا بەهێزیی پێگەی هەرێمی كوردستان دەردەخات، لەبەرئەوە زۆر ئاساییە ئەوەی لە هەولێر بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا و ئاڵای ئەو وڵاتە كراوە، لەو بڕوایەش دام زۆرینەی خەڵكی كوردستان ئەو پەیوەندی و كارە جوانە پڕۆتۆكۆڵییانە بە گەورە و ئەرێنی دەبینن، پێچەوانەی ئەوەی دەنگێك هەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە سەرچاوەكانیان دیارە و هەر ئەوانەن بەهۆی هاتنی سەركۆماری توركیا بۆ هەولێر ئیرەیی گەورە گرتوونی، یان لە سەرچاوەی تەسكی حزبایەتییەوە بیر دەكەنەوە و چاویان بە دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت، ئەوەی دوێنێ لە هەولێر بینرا، رۆژێكی مێژووییە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوە بەهێزیی پێگەی هەرێمی كوردستان دەردەخاتەوە، ئەو كەسانەی لێرەولەوێ خەریكی پرتەوبۆڵەن، كەسانی هێندە بچووكن، قەت ناگەن بە ئاستێكی وا بەرز كە ئەوەی دوێنێ لە هەولێر بینرا، گرووپێكن لە چوارچێوەی دژایەتیی هەرێمی كوردستان و ئەو قسانە هیچ كاریگەریەكیان بەسەر هەرێمی كوردستانەوە نابێت.

ھەروەھا محەمەد سەعدەدین سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە توركیا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، وەكوو پێشتر بینیمان، كاتێك نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە دەفرۆشرا، ئەوكات هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەغدا بێت، هەر 30 رۆژ جارێك مووچەی داوە، بەڵام لەبەرئەوەی هەندێ لایەن لەناوخۆ دژایەتیی هەرێمی كوردستانیان كرد و چوون لە بەغدا هانی لایەنەكانی عێراقیان دا، كە لە دادگای پاریس سكاڵا بكەن، ئەوەبوو نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگایەكی نێودەوڵەتی راگیرا، ئێستاش كە بڕیارە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكرێتەوە، ئەوە دووبارە ئەو راستییە بۆ خەڵكی كوردستان دەردەخات، كە بە هەوڵی دیپلۆماسییانەی سەركردایەتیی سیاسیی كورد، توركیا بەرژەوەندیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست كردووە و نایەوێ هەناردەكردنی نەوت رابوەستێت، كە ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەردوو لادایە ،بەتایبەتی هەرێمی كوردستان، چونكە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت پێگەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم عێراق زۆر بەهێزتر و بەهەڵوێستتر دەكات، لەبەرئەوە بەهەموو شێوەیەك دانانی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ توركیا خاڵی بەهێزی هەرێمی كوردستانە.

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حزبی ویفاقی نیشتیمانی دەكات

یاسین

ڕاگەیەنراوێك لە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابوری/بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش

دڵشاد

هەولێر پێشوازیکردن لە سەرۆکی ژووری بازرگانی دیاربەکر

دڵشاد