ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگی تاوتوێ کرد

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبووەنەوەکەدا، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە کرد کە ئەمڕۆیە و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پاراستنی ژینگە بێت و دەبێ هەموو هەوڵێک لە پێناو پەرەپێدانی کولتووری ژینگەپارێزی بخەینەگەڕ.

سەرۆکوەزیران جەختی لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم بە بابەتی ژینگەپارێزی کردەوە و گوتی پێویستە ژینگەپارێزی ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و وا بکەین نەوەکانی دوای ئێمەش بە باشی سوودی لێ وەربگرن ، چونکە ئەم سروشتە بە تەنیا موڵکی ئێمە نییە و موڵکی نەوەکانی داهاتووشە، بۆیە پاراستنی و گەشەپێدانی ئەرکی هەموو لایەکمانە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025 لەلایەن دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو، دوای ئەوەی ئەم پلانە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا بە داتا و زانیاریی وردەوە ، ئاماژە بە ڕێکارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیریش بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لەسەر ئاستی هەر سێ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن ویاسادانان ودادوەری کرا.

هەروەها زانیاری پێویست لەبارەی کار و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم تایبەت بە باشترکردنی دۆخی چاکسازیی و بەندیخانەکان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ خرایەڕوو.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم ڕاپۆرتە، ئاماژەی دا بە کارنامەی کابینەی حکوومەتی هەرێم لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە لە کارە لەپێشیەکانی کابینەیە نۆیەمە و حکومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لە ڕێگەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگیی و بایەخی تەواو بەم بابەتە بدرێت.

لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد بەردەوام بن لە هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پلانی پەسەندکراو وەک بەشێک لە کارنامە و پلانی کابینەی نۆیەم.

لە بڕگەی دووەمدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی لەبارەی دوا هەڵوێستی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێرای دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیران و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و هەروەها کۆبوونەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕاڵ و ئەنجوومەنی ئابووری فیدڕاڵ بەرز نرخاند.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی ڕاسپارد کاری پێویست بکەن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە گەنمی جووتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵی گونجاو و هەروەها ڕێکاریی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر بە پێی ئەو پێشنیارانەی لە ڕاپۆرتی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو هاتبوون.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرا.

سەرۆک وەزیران و شاندی دانوستانکار باسیان لە کۆبوونەوە و هەوڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرد کە لەم ڕووەوە، کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، وا بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووش، شاندی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەیەکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنیەوە لە مانگی ئاداری ساڵی پارەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتی عێراق و هەرێمیش گەیشتووە.

لە کۆبوونەوەدا ڕێنوێنی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ شاندی دانووستانکار دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی ، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستوورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت، لەم چوارچێوەیەدا حکوومەتی هەرێم ئامادەی گفتوگۆ و دانوستان و گەیشتنە بە ڕێککەوتن.

هەواڵی پەیوەندیدار

چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سوننەکان: یەک هەفتە مۆڵەتتان هەیە پرسی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە

یاسین

ئەمڕۆ مووچەی ئەم وەزارەتانە دابەش دەکرێت

یاسین

بە پاڵپشتی سەرۆكی حكوومەت لاپتۆپ و داتا شۆ بۆ مامۆستایان دابین كرا

سەڵاح