ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

جارێكی دیكه‌ کۆریای باکور سه‌دان باڵۆنی پڕ لە پیسایی و زبڵی بۆ كۆریای باشوور ناردوه‌

 

ئەمڕۆ یەکشەممە کۆریای باشوور ڕایگەیاند، جارێکی دیکە کۆریای باکور ژمارەیەکی زۆر لە باڵۆنی بە کیسی نایلۆنی پڕ لە زبڵ و پاشەڕۆی مرۆڤ و ئاژەڵ و خاشاکەوە ڕەوانەی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە کە ناوچەیەکی زۆر سەربازییە.

بەپێی ئامار و زانیارییەکانی ئەرکانی گشتی هێزە سەربازییەکان لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشور، لە نێوان سەر لە بەیانی رۆژی شەممە و یەکشەممەدا نزیکەی 330 بالۆنی ”پڕ لە خاشاک و پاشماوە” لە کۆریای باکوورەوە ڕەوانە کراون.

بەرپرسان دەڵێن زیاتر لە 80 دانەیان لەسەر خاکی کۆریای باشوور کەوتوونەتە خوارەوە. پێدەچێت ئەوانی تر نەگەیشتبنە ئامانجەکەیان.

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستبوو کە هیچ ماددەیەکی مەترسیداریان تێدا نییە. سەرەڕای ئەوەش، داوا لە خەڵک کراوە دەست لەو باڵۆنانە و خاشاکی ناو کیسەکان نەدەن.

ناردنی باڵۆنەکانی کۆریای باکوور کاردانەوەیە بەرامبەر بە چالاکییە هاوشێوەکانی گروپەکانی کۆریای باشوور، کە چەندین جار هەزاران بەیاننامە و نوسینیان بە باڵۆنی زەبەلاحی غازەوە بۆ ئەودیوی سنوورەکان ناردووە و تێیاندا ڕەخنە لە سەرکردایەتی تاکڕەوی کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکور گیراوە.

بە پێی هەواڵی میدیاکانی کۆریای باشوور، دوو گروپی جیاواز لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و پڕوپاگەندەی لەم جۆرەیان ئەنجام داوە.

حکومەتی کۆریای باکور بەگشتی کاردانەوەی هەستیارانەی هەیە بەرامبەر بە پڕوپاگەندەی دەرەوە و حکومەتەکەی کۆریای باشور تۆمەتبار دەکات بەوەی پشتگیری لەم جۆرە هەڵمەتی باڵۆنانە دەکات لەلایەن گروپە نا حکومییەکانەوە.

کۆریای باکوور لە کۆتایی مانگی پێنجەوە زیاتر لە هەزار باڵۆنی پڕ لە خاشاک و پاشماوە و لە هەندێک حاڵەتدا پیسایی ناردووە بۆ کۆریای باشوور.

بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا، حکومەتی کۆریای باشوور لەم دواییانەدا بڕیاریدا ڕێککەوتنە سەربازییەکەی ساڵی 2018 لەگەڵ کۆریای باکوور سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی دروستکردنی متمانە لەسەر سنوورەکان ڕابگرێت.

ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ دەستپێکردنەوەی مەشقی سەربازی لە نزیک هێڵی سنووردارکردنی سەربازی و ئەگەری پەخشی پڕوپاگەندە لەڕێی بڵندگۆکانەوە بە ئاڕاستەی باکوور.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

بڕیاری لێخۆشبوون لە پارەیەکی سەر هاووڵاتییان دەردەچێت

یاسین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کرد

یاسین

دوو هاووڵاتی بوونه‌ قوربانی ته‌قینه‌وه‌ی مینێك

یاسین