ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئیسڕائیل دەڵێت مەرجەکانی حەماس واقیعی نین، پلانی هێرشکردنە سەر رەفەحیشی پەسەند کرد

 

ئۆفیسی نەتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا وتی، مەرجەکانی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان واقیعی نین، هەر لەمبارەیەوە دوێنێ هەینی، ئیسڕائیل پلانەکانی بۆ هێرشکردنە سەر شاری ڕەفەحی باشووری غەززە پەسەند کرد، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەرگای بە ڕووی گفتوگۆکانی ئاگربەستدا دانەخست.

ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی نەتانیاهو پلانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ڕەفەح پەسەند کردووە.

ڕەفەح دەکەوێتە باشووری غەززەوە و زیاتر لە نیوەی دانیشتووەکەی غەززە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئیسڕائیل و ڕەخنەگران داوایان لە نەتانیاهو کردووە خۆی بە دووربگرێت لە هێرشکردنە سەر ڕەفەح، لەوە دەترسن ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل بکوژرێن. بەڵام ئیسڕائیل دەڵێت ڕەفەح یەکێکە لە دوایین ئەو ناوچانەی غەززە کە هێشتا چەکدارانی حەماسییان تێدا ماوە و بەڵێنیداوە حەماس لە ناوببات و هاووڵاتییانی سڤیل لەو شارە بگوازێتەوە.

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جان کێربی وتی ئەمەریکا پلانەکەی ڕەفەحی نەبینیوە بەڵام حەز دەکات بیبینێت. وتیشی ئاگربەستێکی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان ڕێی تێدەچێت، هەروەها بە وریاییەوە گەشبینی لەو بارەیەوە دەربڕی.

حەماس پێشنیاری ئاگربەستێکی کردووە بۆ نێوەندگران و ئەمەریکا، پێشنیارەکەی حەماس ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان لە خۆدەگرێت لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکاندا، 100 زیندانییان سزای زیندانی تا هەتاییان بەسەردا سەپێندراوە.

ئۆفیسی نەتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە پلانەکەی هێرشکردنە سەر ڕەفەح وتی مەرجەکانی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان واقیعی نین، بەڵام هێشتا شاندێکی ئیسڕائیلی دەچن بۆ دەوحە، دوای ئەوەی کابینەی ئاسایش تاوتوێی بابەتەکە دەکەن.

وتیشی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل ” ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەرکەکان و گواستنەوەی دانیشتوانی سڤیلیش لە ڕەفەح.”

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ئوستریا بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا پێویستی بەوەیە پلانێکی ڕوونی ئیسڕائیل ببینێت بۆ ڕەفەح، پلانێک کە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، دەبێت لە پلانەکەدا ڕێگە نەدرێت هاووڵاتییانی سڤیل زیانییان پێبگات.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

له‌ هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی سێ قوتابخانه‌ داده‌ندرێت

یاسین

حكوومەتی فیدڕاڵی داوا لە دامودەزگا فەرمییەكان دەكا پەكەكە وەك حزبێكی قەدەغەكراو ناو بهێنن

سەڵاح

پەیامێکی سەرەخۆشی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی

یاسین