ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ژمارەیەک سیناتۆر و کۆنگرێسمانی ئەمریکی ناڕەزایی لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی سوودانی بۆ کۆشکی سپی دەردەبڕن

 

ژمارەیەک سیناتۆر و کۆنگرێسمانی ئەمریکی نامەیەکی ناڕەزایی لە بەرامبەر سەردانیکردنی سودانی بۆ کۆشکی ئاراستەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن.

ژمارەیەک سیناتۆر و کۆنگرێسمانی ئەمریکی نامەیەکیان ئاراستەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردووە و رایانگەیاندووە: “ئێمە نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین لە بارەی بانگهێشتکردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی لە مانگی نیساندا لە لایەن جەنابتانەوە.”

ئاماژەیان بەوەش داوە: “میوانداریکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە تایبەت لە کاتێکدا کە شکستمان هێنا لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی هەندێک لە هاوبەشە متمانەپێکراوەکانمان لە ناوچەکەدا، پەیام و هەڵمەتە بەردەوامەکەی ئێوە بۆ تێکدانی پەیوەندیمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نەتانیاهۆ گەورەتر دەکات. ئیدارەی بایدن ئارەزووی هێورکردنەوەی ئێرانی هەیە، نەک پشتیوانی لە هاوپەیمانانەکانمان.”

ئەو سیناتۆر و کۆنگرێسمانانە ئەوەشیان خستووەتە روو: “حکومەتی عێراق لەژێر کاریگەری بەرچاوی ئێراندا ماوەتەوە و حکومەتی عێراق ساڵانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەداتە میلیشیاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەنێویاندا چوار گروپی تیرۆریستی دەستنیشانکراو لەلایەن ئەمریکاوە. ئەم میلیشیایانە تەنها لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ١٨٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەمریکییەکان و کوردستان و لە ئەنجامدا سێ ئەندامی سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بوونەتە قوربانی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێوە بەردەوامن لە پێدانی لێخۆشبوونی سزاکان بە حکومەتی عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غازی سروشتی ئێران، هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە دۆلاری ئەمریکی کە لە یەدەگی فیدراڵیەوە گواستراوەتەوە بۆ عێراق بەکاردەهێنن. وە لەکاتێکدا ئێوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشت دەکەن بۆ سەردانی واشنتۆن، ڕەتتانکردۆتەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، کە هاوبەشێکی گرنگە و میوانداری زۆرترین هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکات، کۆببنەوە.”

ئاماژەیان بەوەش داوە: “حکومەتی عێراق چالاکانە لەگەڵ تاران کاردەکات دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان، لەوانە بڕینی پارەی حکومەت و داخستنی بۆری عێراق-تورکیا کە سەرچاوەی سەرەکی ئابووری کوردستان دەکات. پێویستە سەرنجتان لەسەر کەمکردنەوەی نفوزی ئێران لە عێراق و پشتڕاستکردنەوەی پشتیوانی بۆ هاوبەشەکانمان لە کوردستان بێت. وەک پێشمەرجێک بۆ هەر سەردانێکی سەرۆکوەزیران سودانی، پێویستە داوا بکەن دەستبەجێ هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت نەوت هەناردە بکات و دارایی گشتی و تایبەتەکانی ئەمه‌ریکا چیتر مەترسییان لەسەر نەبێت بە هۆی کاریگەری تاران لە بەغدا. هەروەها پێویستە دڵنیابن لەوەی حکومەتی عێراق سەرلەنوێ دەست دەکاتەوە بە پێدانی پارە بە هەرێمی کوردستان و یەکسەر نەوتی خاوی کوردستان کە لە بەندەری جەیهان هەڵگیراوە دەفرۆشێت و دڵنیابێت لەوەی کوردستان و وەبەرهێنەرە نەوتییەکانی مووچەی فرۆشتنی نەوتیان پێدەدرێت. لە کۆتاییدا، نابێت ڕێگە بە گواستنەوەی زیاتری دۆلاری ئەمریکی بۆ عێراق بدەیت تاوەکو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دڵنیایی دەکاتەوە کە ئەو جۆرە گواستنەوەیانە سوودی بۆ ڕێژیمی ئێران و بریکارەکانی نییە.”

جەختیشیان کردووەتەوە: “هەوڵەکانی ئێوە بۆ هێورکردنەوەی ئێران، ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە و پەیوەندییەکانی ئێمەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لاواز کردووە. لە کاتێکدا ئەو ڕێکارانەی لێرەدا ئاماژەیان پێکراوە، هەنگاوێکی یەکەمی گرنگن بەڵام ئەو زیانانەی کە تۆ گەیاندووتە پێچەوانەیان ناکاتەوە. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە گرنگە.”

 

نامەکە لەلایەن هەریەک لەم سیناتۆر و کۆنگرێسمانانە نووسراوە:

 

سیناتۆر تێد بەد (ڕ-کارۆلینای باکوور)، سیناتۆر بیڵ هاگەرتی (ڕ-تێنێسی)، سیناتۆر ڕیک سکۆت (ڕ-فلۆریدا)، ئەندامی کۆنگرێس جەیک ئێلزی (تەکساس-٠٦)، ئەندامی کۆنگرێس فرێنچ هیڵ (ئارکانساس-٠٢ )، ئەندامی کۆنگرێس مایک تورنەر (ئۆهایۆ-١٠)، و ئەندامی کۆنگرێس مایک والتز (فلۆریدا-٠٦).

هەواڵی پەیوەندیدار

شاندێکی عێراق له‌ توركیایه‌

سەڵاح

عێراق لەڕووی سیستەمی تەندروستییەوە زۆر خراپە

سەڵاح

سبەی مووچەی ئەو شوێنانە دابەش دەکرێت

یاسین