ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

چل و چوار ساڵ به‌سه‌ر جینۆسایدی كوردی فه‌یلیدا تێده‌په‌ڕێت

 

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی فه‌یلی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی سه‌نته‌رێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌كانی جینۆسایدی كوردی فه‌یلی؛ ده‌شڵێت، حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ دۆسیه‌ی جینۆسایدی كوردی فه‌یلی هیچ هاوكاری و قه‌ره‌بوویه‌كی نه‌كردوونه‌ته‌وه‌.

عه‌لی فه‌یلی، شرۆڤه‌كاری سیاسی ڕایگه‌یاند، دۆسیه‌ی جینۆسایدی كوردی فه‌یلی له‌ تاوه‌كو مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو (2023) له‌ قۆناغێكدا بوو و له‌و كاتیشه‌وه‌ تاكو ئێستا له‌ قۆناغێكی دیكه‌دایه‌، چونكه‌ ساڵی ڕابردوو كۆنفرانسێكی به‌رفراوان له‌و باره‌یه‌وه به‌ بڕیار و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی و به‌ پشتیوانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی‌ ئه‌نجام درا.

عه‌لی فه‌یلی ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد، جینۆسایدی كوردی فه‌یلی به‌هۆی كوردبوونیانه‌وه‌ سزا دران و باجی كوردبوونیان دا، كه‌ ڕژێمی به‌عس ڕووبه‌ڕووی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ بووه‌وه‌.

عه‌لی فه‌یلی جه‌ختیشی كرده‌وه‌، حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ دۆسیه‌ی جینۆسایدی كوردی فه‌یلی زۆر كه‌مته‌رخه‌مه‌ و هیچ هاوكاری و قه‌ره‌بوویێكی نه‌كردوونه‌ته‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌یش كرد، له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ی ساڵی ڕابردوودا بڕیار درا به‌ دامه‌زراندنی سه‌نته‌رێك بۆ به‌دواداچوونی دۆسیه‌ی جینۆسایدی كوردی فه‌یلی. گوتیشی، ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌نته‌ره‌ دابمه‌زرێت، كار ده‌كه‌ن بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌كانی جینۆسایده‌كه‌.

ڕۆژی دووشەممە (2ــی ئایاری 2023)، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگا حکومییەکان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر، ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دەستپێکی کۆنفراسەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ناوەندێکی تایبەت بە کوردانی فەیلی دابمەزرێنێت، لەو ناوەندەدا کار بکرێت بۆ بەرگریکردن و گەڕاندنەوەی مافی کوردانی فەیلی.

هەروەها ڕایشیگەیاند، لەو ناوەندە کار دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ گێڕانەوەی مافەکانی کوردانی فەیلی و قەرەبووکردنەوەیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

جینۆسایدی فەیلییەکان لە 4ـی نیسانی ساڵی 1980 ده‌ستپێكرد و تا 1990 به‌رده‌وام بوو و بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به‌ دڕندایه‌تییه‌كانی، بڕیاره‌كانی مه‌جلسی قیاده‌ی سه‌وره‌ی ده‌ركرد و له‌ ڕێگه‌ی چەندین فه‌رمان و نووسراوه‌وه‌ تاوان و پێشێلكارییه‌كانی جێبه‌جێ كرد.

له‌ 21ـی كانوونی یه‌كه‌می 2008 كه‌یسی کوردانی فه‌یلی ڕه‌وانه‌ی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق كرا. له‌ 29ـی تشرینی دووه‌می ساڵی 2010 و دوای 44 دانیشتن له‌ باره‌ی كه‌یسه‌كه‌، دادگا دانی نا به‌ جینۆسایدی کوردانی فه‌یلیدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرێن كۆده‌بێته‌وه‌

یاسین

ژمارەی کوژراوانی غەززە  لە ٣٥ هەزار کەس نزیک بووەتەوە

سەڵاح

ئەمڕۆ دۆلار لەم ئاستەدایە

سەڵاح