ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە وەرگرتن و بەبازاڕکردنى گەنمى جوتیاران بەڕێوەچوو

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.4.18، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە داڕشتنى میکانیزم و ڕێوشوێنى پێویست بۆ وەرگرتن و بە بازاڕکردنى گەنمى جوتیاران لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ئەمساڵ بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە بەرێوەبەرانى گشتیى بازرگانى و کشتوکاڵ و بەرێوەبەرى سایلۆى هەولێر و چەند لایەنێکى دیکەى پەیوەندیدار ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر تیشکى خستە سەر ئەو ئامادەکارى و ڕێوشوێنانەى کە پێویستن بۆ  وەرگرتن و بە بازاڕکردنى گەنمى جوتیارانى سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ئەمساڵ بگیرێتەبەر، لەوبارەیەشەوە دەست خۆشى لە سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى باڵاى سەرپەرشتیارى ساڵى ڕابردووى پرۆسەکە کرد و جەختى لەوە کردەوە کە ئەندامانى لیژنەى نوێ دەبێت پڕۆسەکە بۆ ئەمساڵ لە سایلۆى هەولێر و سایلۆى قوشتەپە زۆر بەباشتر و چاکتر لە ساڵانى ڕابردوو و بەبێ کەم و کوڕى و کێشە و گرفت بەڕێوەببەن، هەروەها دووپاتى لە یەکسانى و دادپەروەرى لە وەرگرتنى دانەوێڵەى جوتیاران کردەوە.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە پێناو پیشکەشکردنى ئاسانکارى و هاریکارى و یارمەتیدانى جوتیارانى سنوورى قەزایی کۆیە، ڕەزامەندبوونى پارێزگاى هەولێر نیشاندا بۆ کردنەوەى بنکەى وەرگرتنى گەنمى جوتیاران لە کۆیە و بۆ ئەومەبەستەش لەلایەن وەزارەتى بازرگانى حکومەتى هەرێمى کوردستان رێکار و رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر.

لە کۆتایشدا، دواى ئەوەى هێمن قادر، جێگرى پارێزگارى هەولێر دووبارە بەسەرۆکى لیژنەى باڵاى وەرگرتن و بە بازاڕکردنى گەنمى جوتیاران لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەستنیشانکرایەوە، لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین پرس و بابەتى دیکەى پەیوەست بە بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە بە سەرکەوتووى خرایە ڕوو و گفتوگۆى لە بارەوە کرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

مه‌سرور بارزانی و عه‌لی باقری كۆبوونه‌وه‌

سەڵاح

هیومان رایتس وۆچ بۆ عێراق: شنگال تا ئێستا ناسەقامگیرە و بڕیارەكەتان پشێوی زیاتر دەكات

سەڵاح

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نێو سەرکردەکانی جیهاندا

سەڵاح