ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بەشار ئەسەد: ئەمەریکا سوود لە ململانێکانی فەڵەستین و ئیسرائیل وەردەگرێت

 

بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەمەریکا سوود لە ململانێکانی فەڵەستین و ئیسرائیل وەردەگرێت و سەیری پەرەسەندنی ئاژاوەگێڕییەکان دەکات.
سەرۆکی سووریا لە بارەی ڕۆڵی ئەمەریکا لە ململانێکانی فەڵەستین و ئیسرائیل، بە کەناڵی تەلەفزیۆنی یەکەمی ڕووسیای گوت: “ئەمەریکا سوودمەندە لە هەر ململانێیەک، دواتر دەوەستێت و سەیری گەشەسەندنی ئاژاوە دەکات، چاوەڕێی ئەو ساتە دەکات کە بتوانێت لێدانی یەکلاکەرەوەی لێبدات”.
بە گوتەی سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد، سیاسەتی ئەمەریکا لەسەر بنەمای “دابەشکردن و حوکمڕانی” دامەزراوە.
گوتیشی: “ئەمە شێوازی کۆنتڕۆڵکردنی ئەوانە، ئەمەش جۆرێکە لە ڕەشبگیری، ئەم جۆرە ڕەفتارانە بێ ڕەوشتییە، ئەمریکا هەر ململانێیەک دەگۆڕێت بۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنی مەترسیدار وەک نەخۆشی شەکرە یان شێرپەنجە، بەزۆری وڵاتانی شەڕکەریش باجی ململانێکان دەدەن”.
سەرۆککۆماری سووریا جەختی لەوە کردەوە، واشنتن بەرژەوەندی ئەو کەسانە پشتگوێ دەخات کە لە نێو هاوبەشەکانیدا هەژمار دەکرێن، هەروەها دۆلار وەک ئامرازێکی گوشار بەکاردەهێنێت، بۆیە ئەمڕۆ هەموو وڵاتانی جیهان سەرنجیان بۆ چین وەردەگێڕن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ هەموو وڵاتانی جیهان دەستیان کردووە بە فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین بە ڕۆژئاوا و ئەمەریکای لاتینیشەوە و ئەمەش شتێکی ئاساییە، چونکە ئەمەریکا بەرژەوەندی ئەو کەسانە پشتگوێ دەخات کە بڕیارە هاوبەشی ئەو بن، بە چڕی سوودی لێ وەردەگرێت دۆلار وەک چەکێک بۆ فشاری سیاسی بەکاردەهێنێت.
بە گوتەی ئەسەد، ئەمریکا بۆ نموونە گرنگی بەوە نادات کە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی سەرەکی هەڵاوسان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی زیادبوونی بێکاری لە وڵاتانی هاوبەشی وڵاتەکەیدا.
سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردەوە، زۆرێک لە وڵاتان ئەمڕۆ درکیان بەوە کردووە کە ئەمەریکا هیچ دۆستێکی نییە و ئەو وڵاتانەی خۆیان بە هاوبەشی ئەمەریکا دەزانی ئێستا هەست بەوە دەکەن کە واشنتن هیچ هاوبەشێکی نییە، تەنانەت لە ڕۆژئاواشدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

هه‌ولێر.. یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

سەڵاح

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 2409 دۆلار دابەزی

سەڵاح

عێراق دەیەوێت پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان دوور بخاتەوە

یاسین