ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

حکومەتی هەرێم مەرجەکانی پێدانی زەوی راگەیاند

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕای دەگەیەنێت، دابەشکردنی زەوی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان دەگرێتەوە، تەنیا ئەو فەرمانبەرانە نەبێت کە پێشتر سوومەند بوون لە پێدانی زەوی.

ئەمڕۆ سێشەم، 14ی ئایار، موفیدە یونس مستەفا، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 242 کە لە ڕێککەوتی 27ی ئاداری ساڵی 2024 دەرکراوە تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەڵساوە بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی و لەو چوارچێوەیەدا، بە مەبەستی خستنەڕووی داتاکانی فەرمانبەران و ژمارەی زەوییەکان و هەڵسەنگاندنی پێویستیی دیاریکردنی زەوییەکان لەسەر نەخشە، دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەی ئاوەدانی ئەنجام داوە.

زیاتر ڕوونی کردەوە، کە وەزارەتەکەیان ڕێنمایی پێویستی لەبارەى دابەشکردنی زەوی ئامادە کردووە کە بەم شێوەیەیە: هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتییان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی ڕێنماییەکان زەویان پێ دەدرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانی خانەنشین دەگرێتەوە کە پێشتر لە ژیانی فەرمانبەریدا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون. وەزارەتی شارەوانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی نووسراوێکەوە ڕێنماییەکان ئاراستەی ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان دەکات بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی.

لەبارەى شێوازی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەو ڕاوێژکارەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕوونی کردەوە، بەگوێرەی زەویی پێویست لە سنووری هەر شارەوانییەک فەرمانبەران سەرپشک دەکرێن بەوەی زەوی لە شوێنی لەدایکبوونیان یان لە شوێنی کارکردنی ئێستایان وەردەگرن.

بەگوێرەی پێویستیی بوونی زەوی و بە ڕەچاوکردنی خاڵبەندی وەک ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و باری کەسی، تیروپشک لەنێوان فەرمانبەراندا دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجوومەنی وەزیران چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات

دڵشاد

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبووە

یاسین

رووسیا داگیرکردنی دوو گوندی دیکەی لە ئۆکرانیا راگەیاند

سەڵاح