ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

فازڵ میرانی: سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی ئێران و خانەوادەی قوربانیان دەکەین

 به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دەڵێت، لەدەستدانی ڕەئیسی، وەزیری دەرەوە و هاوەڵانیان “زیانێکی گەورە بە ئێران و ناوچەکەش دەگەیەنێت”. ئاماژە بەوەش دەدات، ئامادەکارییان کردبوو، “پێشوازییەکی جەماوەریی زۆر” لە سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە یاوەری ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی، سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانی لە هەولێر کرد بە مەبەستی بەشداریی لە پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران، وەزیری دەرەوە و هاوەڵانیان کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی  هێلیکۆپتەرەکەیان گیانیان لەدەستدا.

فازڵ میرانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران، وەزیری دەرەوە و هاوەڵانیان زیانێکی گەورە بە ئێران و ناوچەکەش دەگەیەنێت. بەوپێیەی ئێران ڕۆڵێکی گرنگی لەم دەڤەرە هەیە، بە تایبەت عێراق و هەرێمی کوردستانیش دراوسێیەکی مێژوویی و جیوگرافییی ئێرانن.

ئێران، وەکو ئەوەی فازڵ میرانی گوتی، تایبەتمەندیی خۆی هەیە وەکو هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان. هەم مەرجەعیەتیان هەیە و هەم وڵاتێکی دامەزراوەییە”. گوتیشی، “هیوداراین ئەمە کۆتا کارەسات بێت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و دووبارە لە ڕێگەی کونسوڵەکەیان لە هەولێر، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی ئێران و خانەوادەی قوربانیان دەکەین.

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، بەداخەوە. ئێمە ئامادەکاریمان کردبوو پێشوازییەکی جەماوەریی زۆری لێ بکەین، بەڵام بەداخەوە چووە بەر دەرگای خوا.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە9 کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمریکا پشتگیریی خۆپێشاندەرانی شاری سووەیدای سووریا دەکات

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌

یاسین

بەشە خۆراکێکی دیکەی مانگانە دابەش دەکرێت

یاسین