ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی چل و هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمان و ئەزموونێكی پڕبەهای خۆڕاگری و هەستانەوەی گەلی كوردستانە. لە بارودۆخی دوای نسكۆ و ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیاراندا توانرا بە پلانێكی ورد و بڕوایەكی بەرز شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێت. شۆڕشی گوڵان كە هەڵگری بەها و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو پەیامێكی ڕوونی بە هەموو ناحەزان و نەیارانی گەلی كوردستان دا، كە سەرباری بەهێزیی و ستەمكاریی دوژمنان و بوونی پیلانگێڕیی جۆراوجۆر، گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نادات و ڕۆڵەكانی تێكۆشانی خۆیان بۆ گۆڕەپانی حەقیقیی خەبات كە خاكی پیرۆزی كوردستانە دەگوازنەوە.

لە چل و هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین و، ئەو تێكۆشەر و قارەمانانەش هەرگیز لەیاد ناكرێن كە لە خەباتی پێشمەرگایەتی و حزبی و خەباتی نهێنیی ناو شار و لە ئاوارەییدا ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و قوربانیان داوە و مێژوویان بۆ گەلەكەیان دروست کردووە. ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و ماندووبوونی گەل و پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە.

مسعود بارزانی
26ـی ئایاری 2024

هەواڵی پەیوەندیدار

پرسه‌نامه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بۆ كۆچی دوایی یاسه‌مین كاكه‌یی

سەڵاح

بەھای دۆلار بەرزبووەوە

یاسین

پەیامى پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان

دڵشاد