ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا

 

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کارەساتێکی دڵتەزێنە، (٣٦)ەمین بیرەوەریی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەیە لە(١٦ی ئاداری ١٩٨٨)، لەو یادە خەمگینەدا هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئەو تاوانە کەموێنەیە دووپات دەکەینەوە، دروود لە گیانی پاکی شەهیدان بێت.

کارەساتی بۆردوومانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی ئەوسای بەعس بە چەکی قەدەغەکراو تاوانێکی ویژدانهەژێن بوو، دەسەڵاتی دیکتاتۆری عێراق هەموو ڕێگاکانی سەرکوتکردن و لەناوبردنی گەلی کوردی بەکارهێنا، سەرئەنجام کورد بەپێوە مایەوە و تاوانبارانیش وەکو هەمیشە لەناوچوون و بوونە پەندی مێژوو و، تا هەتایەش هەڵەبجە وەک سیمبولی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە هزری گەلەکەمان و لاپەڕەکانی مێژووی بەرخۆدان و قبووڵنەکردنی ستەم و چەوسانەوە بە شکۆمەندی دەمێنێتەوە.

لەو یادەدا وەکو هەمیشە پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆمان بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی پارێزگای هەڵەبجە دووپات دەکەینەوە، بەتایبەتی پڕۆژەکانی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری و، بوارەکانی دیکە، کە بە دەستپێشخەری و هەوڵوتەقەللای بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دران و دەدرێن.
بەو بۆنەیەوە داواکارین هەموو لایەک بەدەنگ خواست و ویستی ئەو شارەوە بچن و، داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێ و، ئازار و زامی بریندارەکان ساڕێژ بکرێ و، لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیش قوربانییەکانی چەکی کیمیاوی لە هەموو روویێکەوە قەرەبوو بکرێنەوە و چارەسەری ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی هەڵەبجە بکرێ.

هیوادارین ئەو یادە ببێتە هەوێنی هاوڕیزی و یەک بڕیاریی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانمان و، پاراستنی دەستکەوتەکانمان و قەوارەی شەرعیی هەرێمی کوردستان و، دووبارە نەبوونەوەی ئەو تاوان و کارەساتە جەرگبڕانە.
نەمری و سەرفرازی بۆ شەهیدان و قوربانییانی مەرگەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان..

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٦ـی ئاداری ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار

هونەرمەندێکی ڕاپەری ئێرانی لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم وڵاتەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا

سەڵاح

هاووڵاتییان لە فێڵێکی ئەلیکترۆنی ئاگادار دەكرێنەوە

سەڵاح

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌وه‌كاله‌ت كۆبووه‌وه‌

یاسین