ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سه‌ركۆمارى توركيا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌

ئێواره‌ى دووشه‌ممه‌ 2024/4/22 له‌ چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ عێراق، به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆمارى توركيا و شاندێكى ياوه‌رى، گه‌يشته‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر له‌لايه‌ن به‌ڕێزان نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيران، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و ژماره‌يه‌ك له‌ وه‌زيران و به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پێشوازى لێكرا.

دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا سه‌ردانى ئه‌مڕۆى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان بۆ به‌غدا و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى عێراقى فيدراڵ، په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانى و هاريكاريى ئه‌منيدا، تاوتوێ كران.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى توركيا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌بێت، هه‌روه‌ها سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى توركياى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا، كرد.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌ ئاماده‌ييى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى ئابوورى و بازرگانى له‌گه‌ڵ توركيادا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها باسى له‌ ده‌رفه‌ته‌كانى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانيا توركييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرد و سوپاسى كردن كه‌ له‌ دۆخی سه‌ختی ئابووریشدا، به‌رده‌وامييان به‌ كار و ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كان داوه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاريكاريى هاوبه‌ش و بره‌ودانى زياتر به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان نيشان دا، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ پێويستی و گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و مسۆگه‌ركردنى مافى پێكهاته‌كان كرده‌وه‌.

ڕێککه‌وتتنامه‌ و یاداشته‌کانی لێکگه‌یشتنی تورکیا و عێراق، پاراستنی ئاسایشی سنوور، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و ‌چه‌ند باس و بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

شایسته‌ی دارایی مامۆستایانی وانه‌بێژ خه‌رج ده‌كرێت

سەڵاح

هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوردێکیان شەهید كرد

یاسین

سعودیە حاجیان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌

سەڵاح