ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەزیری تەندروستی: دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێم تۆمارکراوە

بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدرێت، لە گرتنەبەری ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، وەزیری تەندروستیش دەڵێت، “لە جەژندا حاڵەتاکان ڕوو لە زیادبوون دەبن”.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکانمان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی وەک تای خوێنبەربوون چڕ کردووەتەوە، لە کاتێکدا لە عێراق ٥٠ حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە، ٨ حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستان دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە کە ژنێک و پیاوێک بوون، ئەندامی خێزانێک بوون، یەکێکیان پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە بەهۆی قورسی حاڵەتەکەیەوە گیانی لەدەستدا، بەڵام ئەوەی تریان ئێستا لە ژێر چاودێریدایە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.
جەختی لەوەکردەوە، پێویستە هاووڵاتییان هۆشیارییان هەبێت لەبارەی نەخۆشییەکەوە، هاوکات لە کاتی هەستکردن بە نیشانەکان پێویستە دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکەن، بۆئەوەی لە قۆناغە سەرەتاییەکان نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت تا چارەسەری پێویست وەربگرن.
وتیشی، بەپێی ئامارەکان ساڵانە لە دوای جەژنی قوربانی پیرۆزەوە حاڵەتەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون سێ هێندە دەبن، بۆیە پێویستە ڕێکارەکانی خۆپارێزی چڕ تر بکرێنەوە، هاووڵاتییانیش بە وریاییەوە لە ئاژەڵەکان نزیکببنەوە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لە بارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ڕایگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکارە تەکنیکییەکانی دەست پێکردووە و بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی لێژنەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتەرنەری دەکات لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرمانڕێژکردنی ئەو شوێنانەی ئاژەڵانی تێدا بەخێو دەکرێت.
وتیشی، بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون چەند ڕێنماییەک بڵاوکراوەتەوە، بە تایبەت کە لە جەژنی قوربان نزیک دەبینەوە و بەهۆی قوربانی کردن مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتاکە زیاتر دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەم خواردنانە ڕێگری لە بەرزبونەوەی ڕێژەی خوێ لە لەشدا دەکەن

lana

lana

هۆکارەکانی خوورانی پێست

lana