ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

دڵشاد شەهاب : خۆشبەختانە تێگەیشتنێکی باش و هاوبەش هەیە بۆ سەرجەم پرسەکان

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و سەرکردەی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕایگەیاند: گفتوگۆکان بەردەوام دەبن بۆ زەمینەسازی و فەراهەمکردنی کەشێکی گونجاو بۆ بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان بە پێکهاتەکانیشەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ڕۆژی یەکشەممە (28ـی نیسانی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتییەکان و سەرکردەکانی عێراق پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی سوودانی دووپاتکردەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، تاوتوێی دەرئەنجامی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا و سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوو ڕۆژەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بابەتەکانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێگەی بایەخ بووە، بەتایبەتی پرسی ئەمنی و هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە زیانێکی زۆری ئابووری بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

دڵشاد شەهاب گوتیشی: “خۆشبەختانە تێگەیشتنێکی باش و هاوبەش هەیە بۆ سەرجەم پرسەکان و لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا لایەنەکان، دووپاتی ئەوەیان کردەوە کە ئامادەییان تێدایە بۆ جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی و جێبەجێکردنی دەستوور”.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، دڵشاد شەهاب باسی لەوەکرد: شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و کۆبوونەوەکانیان لەسەر گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی وردەکاری ڕێککەوتنەکان هەنگاوی باشی بڕیوە و بەردەوام دەبن.

لەبارەی پرۆژەی هەژماری من، دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەکرد، هەڵوێستی بەغدا ڕوونە و تێگەیشتنی باشیشیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە هەیە و ئامانجی هەرێمی کوردستانیش لە گفتوگۆکان دڵنیاییدانە بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دانانی میکانیزمی هاوبەش و گونجاو بۆ پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران و تێگەیشتنی هاوبەش هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا و بە دڵنیاییش دەگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی مووچەخۆران بێت.

هەروەها گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە باسی لەوەشکرد: هەموو لایەنە عێراقییەکانیش گرنگی بەو پرسە دەدەن و دیدگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت کە سەرجەم لایەنەکان بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، تێیدا بەشداری بکەن.

لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب جەختی کردەوە، بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو  بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکدەخەن یان سەردانیان دەکەن و هەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستە بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و بۆ ئەو مەبەستەش نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەگەڵیان لەسەر هێلە.

هەواڵی پەیوەندیدار

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق : ئەو کەسانەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر و کەرکووک و بازاڕی چەلێی دهۆکیان سووتاندووە، سەر بە پەکەکەن

یاسین

چامپیۆنزلیگ.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ سێشەممە

sirwan

ئاگادارییەك لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی وەرگرتنی باج

سەڵاح