ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەریوان قەرەنی: هەژماری من یەكێكە لە پڕۆژە هەرەگرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

هەژماری من” یەكێكە لە پڕۆژە هەرەگرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەیەوە پلان دانراوە تا كۆتایی ئەمساڵ، ملیۆنان مووچەخۆر لە هەرێمی كوردستان ببن بە خاوەنی هەژماری بانكی، ئەندامێکى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، “هەژماری من”ی هەرێمی كوردستان لە “تەوتین”ەكەی عێراق سوودی زۆر زیاترە و چارەسەری كێشەی مووچە دەكات.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەى هەژمارە بانکییەکە بڵاوى کردووەتەوە، ئەم پرۆژەیە هەر كردنەوەی هەژمارێكی بانكی نییە بۆ ئەوەی مووچەخۆران لە ڕێگەیەوە مووچەكانیان وەربگرن، بەڵكو دروستكردنی ژێرخانێكی گرنگی داراییە لە هەرێمی كوردستان، بەوەی پرۆسەی مامەڵە بازرگانییەكان لە رێگەی پارەی كاشەوە دەگۆڕێت بۆ ئاڵوگۆڕی بانكی و ئەلیكترۆنی، بەمجۆرەش خەڵكی دەتوانن لە زۆر رووەوە سوودمەند بن.

لەبارەى لایەنە ئەرێنییەکانى پڕۆژەى “هەژمارى من” بە چەند خاڵێک دووپاتى لەوە کردووەتەوە کە بەپێی بەدواداچوونەکانیان گەیشتوونەتە ئەم خاڵانەى خوارەوە:

1.تێچووی كردنەوەی هەژمارى من تەنیا 2500 دینارە، لە كاتێكدا كردنەوەی هەژمار لە تەوتینە عێراقییەكە 10 هەزار دینارە!.

2.هەژمارى من، ژمارەیەكی زۆر لە بانكەكانی هەرێمی كوردستان پشتی پێ دەبەستن و بانكەكانیش لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراق و گەنجینەی ئەمەریكا متمانەیان پێدراوە، لە كاتێكدا تەوتینەكەی عێراق تەنیا هەردوو بانكی رەشید و رافیدەین دەگرێتەوە. “هەڵبەت ئەم دوو بانكەش رابردوویان زۆر پاك نییە و پێشتر بیستوومانە كە لە پرۆژەی دزیی سەدە بەشدار بوون و بڕی دوو ملیار و نیو دۆلار لە ڕێگەی ئەوان و چەند بانكێكی ترەوە رەوانەی دەرەوەی عێراق كراوە”.

3.دەیان جۆر خزمەتگوزاریی بانكی لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە بە مووچەخۆران دەگات، وەك راكێشانی قەرز و پارەدانی ئەلیكترۆنی و خزمەتگوزاریی تر، هەروەها مووچەخۆر دەبێتە خاوەنی “كریدت كارت” و دەتوانێت لە هەر شوێنێكی دنیا بێت، كارتەكەی بەكار بهێنێت و پارەی خۆی رابكێشێت، بەڵام تەوتینەكەی عێراق تەنیا بۆ وەرگرتنی مووچە بەكار دێت و هیچ سوودێكی تری نییە!.

4.بانكەكانی نێو هەژماری من پڕۆژەی ئەوتۆیان هەیە كە دەتوانن قەرزێك بە مووچەخۆران بدەن كە دەگاتە سەرووی 150 ملیۆن دینار، لە كاتێكدا هیچ ئەگەرێك نییە كە بانكە عێراقییەكان ئەو قەرزە بە مووچەخۆرانی كوردستان بدەن!.

5.لە پرۆژەی هەژماری من، هەزاران ئامێری “ئەی تی ئێم” بۆ وەرگرتنی مووچە و دەیان هەزار ئامێری تایبەت بە خوێندنەوەی كرێدت كارت بەسەر ماركێت و سووپەرماركێت و فرۆشگا و دوكانەكاندا دابەش دەكرێت، تا مووچەخۆر ئەگەر بە كاش پارەی رانەكێشا، بە كارتەكەی خۆی بازاڕییەكانی خۆی بكات. بەڵام بانكەكانی عێراق لە چەند شوێنێكی دیاریكراو پارەی نێو تەوتینەكە خەرج دەكەن، بەمەش مووچەخۆر دەبێت چەندان كاتژمێر بۆ وەرگرتنی مووچەكەی لە سەرەدا بێت!.

6.هەژماری من پرۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژیی كوردستانە و بەهۆیەوە ئابووریی كوردستان پێش دەكەوێت، لە كاتێكدا پرۆژەی (تەوتین)ەكە بەشێكە لە هەوڵەكانی زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان و ئابوورییەكەی و قەوارەكەی!.

هەروەها مەریوان قەرەنى ئاماژەى داوە، لەبەر هەموو ئەو هۆكارانە، دووپات لەوە دەکەنەوە كە پرۆژەی هەژماری من زیاتر بۆ مووچەخۆرانی كوردستان بەسوودە و كێشەی مووچە چارەسەر دەكات. بەداخەوە ئەوانەشی دژایەتی دەكەن، هەر ئەو حزبانەن كە لە 2014 پێشنیازیان بۆ بەغدا كردبوو مووچە و بودجەی كوردستان ببڕێت، چونكە ئەوان مانەوەی خۆیان لە خراپیی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەبیننەوە، هەر ئەوانیشن كە ئێستە هۆكارن لەبەردەم چارەسەربوونی كێشەی مووچەخۆرانی كوردستان.

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

روونکردنەوەیەک لە کونسوڵخانەی چین لە هەولێر

یاسین

پەرلەمانتارێکی پارتی: زانکۆی شنگال دەکرێتەوە

دڵشاد

ڕێنماییی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران له‌ وه‌قائیعی كوردستان بڵاو کرایەوە

سەڵاح