ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پاکستان… كه‌سێكی کریستیانی لەسەر ئاینی دەکوژرێت

 

پیاوێکی کریستیانی پاکستانی کە هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە لەسەر بانگەشەی کوفرکردن هێرشی کرایە سەر و بە سەختی بریندار بوو، بەهۆی برینەکانییەوە گیانی لە دەستداوە.

بەرپرسێکی پۆلیس وتی لە 25 ی مانگی پێنجدا ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەری تووڕە لەبەردەم ماڵەکەی نازیر مەسیحی تەمەن 70 ساڵدا لە شاری سارگۆدا گردبوونەوە، دواتر نازیر و ئەندامانی خێزانەکەی ڕزگارکران.

نازیر لە نزیک ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان لە نەخۆشخانەیەکدا کە سوپا بەڕێوەی دەبات چارەسەری وەردەگرت لە کاتێکدا کە سەری بە سەختی بریندار ببوو. نازیر چەندین نەشتەرگەری بۆ کراوە بەڵام چاک نەبووە.

کۆمەڵە کەسەکە هێرشییان کردە سەر ماڵەکەی نازیر و دووکانەکەیان سوتاند، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە نازیر سوکایەتی بە قورئانی پیرۆزی موسوڵمانان کردووە، کەسوکاری نازیریش ئەو بانگەشانە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن بێ بنەمان.

لە ڤیدیۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت کە کریستیانەکان تەرمەکەی نازیر بە شەقامەکەدا دەبەن و هاوار دەکەن ” ستایش بۆ عیسا، عیسا مەزنە.”

سەرکردەکانی کۆمەڵگە کریستییانەکان سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و داوایان لە حکومەتی پاکستان کرد دڵنیایی بدات لە پاراستنی کەمینە ئایینییەکان و سزادانی ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە هاندان بۆ توندوتیژی لەژێر ناوی ئاییندا.

پۆلیس لە ژێر یاسای دژە تیرۆری پاکستاندا دەیان گومانلێکراوی لەسەر هێرشەکە دەستگیرکردووە. هەروەها لێکۆڵینەوەیەکییان دەستپێکردووە لەسەر ئەو تۆمەتی کوفرانەی کە ئاڕاستەی نازیر کراون.

بابەتی کوفر بابەتێکی زۆر هەستیارە لە پاکستاندا، تەنها بانگەشەکردن لەسەر ئەوەی کەسێک کوفری کردووە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو کەسە بکوژرێت، تەنانەت لە کاتێکدا کە ئەو کەسە لە ژێر دەستی پۆلیسدا بووە. بەپێی یاساکانی کوفر لە پاکستان، سزای مەرگ بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێندرێت کە سوکایەتی بە قورئان و باوەڕەکانی ئیسلام بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک ئەو سزایەی بەسەردا نەسەپێندراوە.

لە مانگی هەشتی ساڵی 2023 دا هەزاران خۆپیشاندەری موسوڵمان لە شاری جەرانوالای هەرێمی پونجابی پاکستان هێرشییان کردە سەر نیشتەجێیەکی کریستیانەکان و 21 کڵێسایان سوتاند و زیانییان بە زیاتر لە 90 موڵک گەیاند، ئەوەش لەسەر ئەوەی کە گوایە دوو برای کریستیانی سوکایەتییان بە قورئان کردووە.

ئەو توندوتیژییەش بووە هۆی ئەوەی چەندین خێزانی کریستیانەکان لە ماڵەکانییان هەڵبێن. پۆلیس ژمارەیەکی زۆری دەستگیرکرد، بەو کریستیانانەشەوە کە بە تۆمەتی کوفرکردن تۆمەتبار کرابوون.

ڕەخنەگران لە مێژە داوای گۆڕانکارییان کردووە لە یاساکانی کوفردا، دەڵێن زۆرجار ئەو یاسایانە لە بەرژەوەندی تایبەتدا بەکاردەهێندرێن. سەدان گومانلێکراو کە زۆربەیان موسوڵمانن، لە زیندانەکانی پاکستاندا زیندانیکراون لەبەرئەوەی کە فشارە دەرەکییەکان ڕێگە نادەن دادوەرەکان دادگاییکردنەکانییان پێش بخەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەمدواییانەیدا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە پاکستاندا وتی ” لە کاتێکدا کە زۆربەی ئەوانەی کە بە تۆمەتی کوفرکردن زیندانیکراون موسوڵمانن، کەمینە ئایینییەکانیش بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەرییان لەسەر بووە.”

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دادگاکانی پاکستان زۆر جار شکستییان هێناوە لە پابەندبوون بە ستانداردە سەرەتاییەکانی بەڵگەوە لە دۆسییەکانی کوفردا. هەروەها هۆکاری ئەوەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ” ترسەکان لە تۆڵەسەندنەوەی گروپە ئایینییەکان ئەگەر تۆمەتبارەکان بە تۆمەتی کوفرکردن بێتاوان لە قەڵەم بدەن، زۆربەی ئەوانەشی کە لە زینداندان چەندین ساڵ لە زینداندا دەمێننەوە پێش ئەوەی دادگا باڵاترەکان دواجار دادگاییان بکەن یاخود ئازادییان بکەن.”

هەواڵی پەیوەندیدار

474  کەس بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر ماڵ و شوێنکاری پەنابەرانی سووریا لە تورکیا دەستگیرکران

سەڵاح

كه‌ركووك.. جارێكی تر ئاگر له‌ ده‌غڵودانی جووتیاران كه‌وته‌وه‌

سەڵاح

لقێ ئێک یێ پارتی: خەلکێ دهۆکێ و سێمێلێ ب خوینا زەڵال یا 17 شەهیدێن دلێر باژێڕێ خۆ ئازاد کر

سەڵاح