ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

رێکخراوەكان: ئێران، عێراق و سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووبەڕووی کەمیی ئاو دەبنەوە

 

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە پرسی ئاو ڕایگەیاند جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو بووەتەوە و لە ئێستادا 2.2 ملیار کەس لە جیهاندا لە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک بێبەشن، ئاشكراشی كرد، هه‌ریه‌ك له‌ ئێران، عێراق و سوریا رووبه‌رووی كه‌می ئاو ده‌بنه‌وه‌ له‌ پاڵ سعودیه‌، ئیسرائیل، میسر و لیبیا .

ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە ڕۆژی جیهانی ئاودا بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاندووە لە بیست ساڵی ڕابردوودا، وشکەساڵی کاریگەری خستووەتە سەر زیاتر لە یەک ملیار و 400 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 21 هەزار کەسیش.

هەر لەم چوارچێوەیەدا چەند ڕۆژ پێش ئیستا دامەزراوەی سەرچاوە جیهانییەکان کە بنکەکەی لە واشنتنە، ئێران و عێراقی وەک یەکێک لەو 25 وڵاتەی جیهان کە بە شێوەیەکی قورس ڕووبەڕووی کەمیی ئاو بوونەتەوە، ناوبرد و ڕایگەیاند کێشەکان لە وڵاتێکی وەک ئێران لەگەڵ پەرەسەندنی کێشەی ئاو لەو وڵاتەدا قورستر دەبن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەو ناوچانەی زۆرترین کێشەی ئاویان لەسەرە بریتین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا کە 83%ی دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاوی ئاون و هەروەها باشووری ئاسیاش کە 74%دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی هەمان کێشەن.

ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی سەرچاوە جیهانییەکان ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو 25 وڵاتە کە چارەکێکی دانیشتوانی جیهان تێدا نیشتەجێن، زیاتر لە 80%ی ئاوەکەیان بۆ ئاودێری، ئاژەڵداری، پیشەسازی و پێداویستییە ناوخۆییەکان بەکاردەهێنن و هەر بۆیە تەنانەت وشکەساڵییەکی کورتخایەنیش دەتوانێت ئەو شوێنانە ڕووبەڕووی مەترسی وشکەساڵی قورس بکاتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ناوی شەش وڵات کراوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووبەڕووی کەمی ئاو بوونەتەوە کە بریتین لە بەحرەین، قوبرس، کوێت، لوبنان، عومان و قەتەر.

وڵاتانی دیکە کە بەشێکن لەو 25 وڵاتەی لە ڕیزبەندی یەکەمدان لە ڕووی کەمی ئاوەوە، بریتین لە سعودیە، ئیسرائیل، میسر، لیبیا، یەمەن، بۆتسوانا، ئوردن، شیلی، سان مارینۆ، بەلجیکا، یۆنان، تونس، نامیبیا، باشووری ئەفریکا، عێراق، هیندستان و سوریا.

پێشبینی دەکرێت خواستەکان لەسەر ئاوی جیهان تا ساڵی 2050 بەڕێژەی 20% بۆ 25% زیاد بکات، ئەمەش لەکاتێکدا بەپێی دامەزراوەی سەرچاوە جیهانییەکان، پێدەچێت ژمارەی ئەو ناوچانەی ساڵانە ڕووبەڕووی کەمی ئاو دەبنەوە بە ڕێژەی 19% زیاد بکات.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، ئەمە بەو مانایەیە کە 100%ی دانیشتووانەکە تا ساڵی 2050 بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووبەڕووی کێشەکانی کەم ئاوی دەبنەوە.

دامەزراوەکە وڵاتی ئێران وەک نموونەیەک دەهێنێتەوە کە دەیان ساڵ خراپ بەڕێوەبردنی ئاو و بەکارهێنانی بە شێوەیەکی نادروست بۆ کشتوکاڵ وایکردووە ناڕەزایەتییەکان سەرهەڵدات و هۆشداریش دەدات کە گرژییەکان تا دێت لەگەڵ خراپتربوونی پرسی ئاودا توندتر دەبن.

نیک ئاهەنگ کوسەر، پسپۆڕی بواری ئاو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت “کەمکردنی سەرچاوە ئاوییەکان لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان، لەوانەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان، گەشەسەندنی ناپایەدار، بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئاو و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وەک گۆڕانکاری لە سیستەمی بارانبارین و بە هەڵمبوونی ئاو.”

دەشڵێت “نەبوونی بەڕێوبەرایەتییەکی دروست لە بواری ئاو، بارودۆخی ژیانی بۆ خەڵکی ئێران قورستر کردووە. هەروەها بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئاوی سەرزەوی بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستی جووتیاران و شارەکان وایکردووە ئێران تووشی قەیرانی ئاو ببێتەوە.”

ئەو پسپۆڕی بواری ئاوە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت “بەهۆی کورتهێنانی زۆری ئاوی ژێرزەوی و قەرەبوو نەکردنەوەی ئاوە بەکارهێنراوەکەی ئەو سەرچاوانە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا کەمی ئاو لە هەندێک ناوچەی ئێران ببێتە هۆی ناسەقامگیری و گرژییەکی توند.”

هەروەها ڕاپۆرتی دامەزراوەی سەرچاوە جیهانیەکان ئاماژە بەوە دەکات کە لانیکەم 50%ی دانیشتوانی جیهان کە نزیکەی 4 ملیار کەس دەبێت، لانیکەم مانگێک لە ساڵێکدا لەژێر بارودۆخی کەم ئاویدا دەژین و ئەمەش ژیانی خەڵک و کار و ئاسایشی خۆراک و وزە دەخاتە مەترسییەوە.

پێشتریش ڕێکخراوی بەڵگەنامەی کەشوهەوای جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندبوو کە دوای پشکنینی داتاکانی شێداری و پلەی گەرمی لە سوریا، عێراق و ئێران لە نێوان ساڵانی 2020 تا هاوینی ساڵی 2023 بۆیان دەرکەوتووە هەرچەندە ئەو سێ وڵاتە لەو ماوەیەدا باران بارینێکی کەمیان بە خۆیانەوە بینیوە، بەڵام بەردەوامی بەهەڵمبوونی ئاوەکان و دەرچوونی ئاو لە ڕووەکەکان کە بە ئینگلیزی گێتەیشنی (Guttation) پێدەوترێت، هۆکاری دیکەی سەرەکی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە لەو وڵاتانەدا.

دکتور مەنسور سوهرابی، پسپۆڕی بواری ژینگە لە ئاڵمانیا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە “دروستکردنی بەنداو هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بە هەڵمبوونی ئاو و لە ئیستادا بەنداو دروستکردن بووەتە پێشبڕکێی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و لەم ساڵانەی دوایشدا ڕەنگی سیاسی وەرگرتووە و پێدەچێت قەیرانی ژینگەیی و کارەساتی مرۆیی گەورەی لێبکەوێتەوە.”

لە لێکۆڵینەوەکەی بەڵگەنامەی کەشوهەوای جیهانی باس لەوە کرابوو کە بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە پێشبینی دەکرێت وشکەساڵی قورس لە هەر دە ساڵێکدا جارێک لە عێراق و سوریا و دووجاریش لە ئێران ڕووبدات.

لەساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەرپرسانی عێراق باسیان لەوە کردوە کە بە هۆی بەنداوەکانی ئێران و تورکیاوە، زۆرێک لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی وشکەساڵی بوونەتەوە و خەڵکی ئەو ناوچانە ناچار بوون شوێنەکانیان بە جێبهێلن.

دکتور مەنسور سوهرابی لە گفتوگۆکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو ” کورتبینی مرۆڤ بە گشتی سەبارەت بە داهاتوو و دواتریش بەرژەوەندخوازی خاون کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و بازرگانییەکان و بەرپرسانی وڵاتان بەشێک لەو هۆکارە سەرەکییەکانن کە بوونەتەوە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ژینگەیی و کەش و هەوا و پێناچێت بەمزوانەش هەنگاوی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بگیرێتەبەر.”

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی زێڕ لە هەلکشانە

سەڵاح

دكتۆرشاخەوان عەبدوڵا: هەڵبژاردن بە بێ پارتی ناکرێت

یاسین

دۆلار زیاتر داده‌به‌زێت

یاسین