ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئێران… لە ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووریدا 14 کەس گیان لەدەستدەدەن و سه‌دانیش بریندار دەبن

 

بەرپرسی دەزگای فریاگوزاری ئێران ڕایگەیاند لە ڕووداوەکانی پەیوەست بە ڕێوڕەسمی کۆتایی ساڵ کە بە “چوارشەممە سووری” ناسراوە، تا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئاژانسی ھەواڵی مێھری سەر بە حکومەتی ئێران ڕۆژی سێ شەممە، 12ی مانگی سێ بڵاویکردوەتەوە کە جگە لە گیانلەدەستدانی 14 کەس، دوو هەزار و 100 کەسیش بریندار بوون کە لەو ژمارەیە 413 کەس لە ڕێگەی بەشی فریاگوزارییەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و هەزار و 616 کەسیش بۆ وەرگرتنی چارەسەری خۆیان سەردانی ناوەندە پزیشکییەکانیان کردووە.

ئاژانسە هەواڵییەکە نووسیوێتی لەو ژمارەیە 71 کەسیان لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەریان بۆ کراوە و 152 کەسیش قۆڵ یان قاچ یان بەشێکی تری جەستەیان لەدەستداوە و 700 کەسیش چاویان زیانی پێگەیشتووە و 681 کەسیش بە پلەی جیاواز، جەستەیان سووتاوە.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانیش ڕایگەیاندووە 26 کەس لە ڕووداوەکانی چوارشەممە سوری ئەمساڵ لە پارێزگای کرماشان برینداربوون کە سەرجەم بریندارەکان تەمەنیان لە خوار 16 ساڵەوەیە.

هەموو ساڵێک لە ئێران لە دوایین سێشەممەی ساڵی وڵاتەکەدا بە پێی نەریتێکی کۆن، خەڵک ڕێوڕەسمی چوارشەممە سوری ئەنجام دەدەن، لەوانەش بە پەڕین لەسەر ئاگر و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان و بەم شێوەش پێشوازی لە نەورۆز دەکەن و بۆ هاتنی بەهار ئاهەنگ دەگێڕن. لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەم ڕێوڕەسمە بەزۆری مەترسیی لەگەڵدا بووە و ساڵانە بووەتە هۆی سووتان و برینداربوون و گیانلەدەستدانی چەندین کەس.

بەرپرسی دەزگای فریاگوزاری ئێران ڕایگەیاندووە ژمارەی برینداربوانی ڕووداوەکانی چوارشەممە سووری ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 24% زیادی کردووە.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕووسیا و چین و ئێران پشتیوانیی رێککەوتننامەی ئەتۆمی دەکەن

سەڵاح

سودانی: هیچ مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە عێراقەوە هەڵنەدراوە

یاسین

ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئێران

سەڵاح