ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

هەزار و ٦٤٠ حاجی هەرێمی کوردستان، بەڕێ کەوتن، حكومه‌ت ئاسانكاری بۆ كردوون

 

هەزار و ٦٤٠ هاووڵاتیی دیکەی هەرێمی کوردستان، بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە بەرەو فەریزەی حەجکردن بەڕێ کەوتن؛ حکومەتی هەرێم ئاسانکاریی دارایی و هاتوچۆی بۆ کردوون.

دەستەیەکی دیکە لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بە هاوکاریی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەرەو گەشتی حەجکردن بەڕێ کەوتن و بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەش دەڵێت: حکوومەت بارقورسیی دارایی لەسەر حاجییان کەم کردووەتەوە.

شێخ نیاز ڕاغب، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لەمبارەیەوە دەڵێت: “دوای ئەوەی 27 ی مانگ، یەکەم کاروانی حاجییانمان بە ڕێگای ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بەڕێ کرد؛ ئەمڕۆش کاروانی حاجییانمان بە ڕێگای وشکانی بەڕێ کرد کە ژمارەیان هەزار و 640 حاجییە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان؛ لەم ڕووەوە ئاسانکاریی زۆر کراوە و هەموو پێداویستییەک بۆ بەڕێکردنی حاجییان بەڕێگای وشکانی و ئاسمانی فەراهەم کراوە“.

گوتیشی: “لە پێشوودا تێچووی حەج زۆر بوو؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو هاوکارییەک زیاتر لە 3 ملیار دیناری خستە سەر پارەی حاجییان، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی خەرجیی تێچووی حەج لەسەر حاجییان“.

ڕێکەوت عەلی، ڕێنوێنیکەری ئایینییە و دەڵێت: “وەک ڕێنوێنیکەری ئایینی، بەشدار دەبین لەگەڵ حاجییانی هەرێمی کوردستان بە ڕێگای وشکانی؛ هەوڵدەدەین جێگای متمانەیان بین و لەم کاروانە خزمەتییان بکەین و هاوکاریان بین، تاوەکوو کۆتایی بە حەجەکەیان دەهێنن. ئاگاداری و ڕێنوێنیی وەزارەتی ئەوقاف و حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانمان پێگەیشتووە. لە ڕێگەی خولی ڕاهێنانەوە دەتوانین هاوشان و هاوسەفەری حاجییان بین، لە ڕێگەی ڕێنماییی ئایینییەوە هاوکاریان دەبین لە دەستپێکی کاروانەکە تاوەکوو کۆتایی“.

ئاوات ئەبوبەکر، هاووڵاتییەکی کاروانی حەجە و دەڵێت: “هەستێکی زۆر خۆشم هەیە؛ ئامادەکاریی زۆر باشیان بۆ کردووین، دەستخۆشییان لێ دەکەین“.

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە سەرپەرشتیی ناردنی حاجییان و ئامادەکارییەکانی حەج دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو فەراهەمکردنی ژینگەی ئازادیی ئایینی و جێبەجێکردنی سرووتە ئاییینییەکان، کاراسانی بۆ حەجی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران… لافاو چوار كه‌سی كوشت و ١٢ بێسەروشوێن بوون

سەڵاح

ئەنجومەنی ئاسایش بریارنامەی ئاگربەستی شەڕی غەززەی پەسند کرد

یاسین

بەیاننامەی پارتی چاکسازیی تورکمان

دڵشاد